سەردێر

نرخی ئاڵتون بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە

خەڵك-
دوای دابەزینی بەهاكەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك، ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەهای زێڕ لە بازاڕەكانی جیهان و هەرێم بەرزبووەوە و زێڕەنگەرێكیش دەڵێت: “هەر مسقاڵێك ئەمڕۆ 8 هەزار دینار گران بووە و زیاتریش گران دەبێت”.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕەنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ماوەی دوو ڕۆژە نرخی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بەیانی ئەمڕۆ نرخی ئۆنسێك بوو بە 1709 دۆلار و ئێوارەش بۆ 1717 دۆلار بەرزبووەوە.

ڕاشیگەیاند، لە بەیانییەوە هەر مسقاڵێك نزیكەی 8 هەزار دینار گران بووە و نرخی یەك لیرە بۆتە 370 دۆلار و یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 352 هەزار دینار و عەیارە 18 بۆتە 305 هەزار دینار.

ئەو شارەزایەی بواری زێڕ پێشبینی ئەوەشی كرد، “بەرزبوونەوەی نرخی یەك مسقاڵی عەیارە 21 لە ٣٤٤ بۆ ٣٥٢ هەزار و مانەوە بۆ چوار كاتژمێر بەو نرخە (١٧١٧ دۆلار بۆ یەك ئۆنس) ئامانجی داهاتووی ١٧٢٧ و پاشان ١٧٣٨ دۆلار دەبێت”.