سەردێر

عیراق، دەستەبەركردنی 20 ملیۆن ڤاكسینی دژە كۆرۆنا ڕادەگەیەنرێت

خەڵك-
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق تەواوبوونی ڕێكارەكانی دەستەبەركردنی 20 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا ڕادەگەیەنێت.

حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”وەزیری تەندروستی تەئكیدی لەسەر تەوابوونی ڕێكارەكانی دەستەبەركردنی 20 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا كردووە”.

بە وتەی حەسەن نازم”تەمیمی ڕاپۆرتێكی نیگەرانبەخشی سەبارەت بە ڕەوشی پەتای كۆرۆنا لە عیراقدا پێشكەش كردووە، بەو پێیەی تووشبوونی ڕۆژانە لە زیادبووندایە، بۆیە پێویستە هەموان بەرپرسانەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەكەدا بكەين”.

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەڵێت”دەمانەوێت هاووڵاتیان هانبدەین، تا ناوی خۆیان لە سەكۆی ئەلیكترۆنی بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا تۆماربكەن”.