سەردێر

لە بەنداوی دەربەندیخان گەشتیارێك خنكا

خەڵك – یەحیا حبیب
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، لە ئەنجامی وەرگەڕانی بەلەمێك لە بەنداوی دەربەندیخان، كەسێك خنكا و لێپرسراوی بنكەی بەرگری شارستانی شارۆچكەی دەربەندیخان دەڵێت: “گەڕانمان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەشتیارە”.

ڕائید كەیوان ئەحمەد، لێپرسراوی بنكەی بەرگری شارستانی شارۆچكەی دەربەندیخان لە لێدوانێكیدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “دیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوار كەس، كە بە مەبەستی گەشت هاتوونەتە دەربەندیخان سەردانی بەنداویان كردووە و چوونەتە نێو بەلەمێكەوە، بەداخەوە لە ئەنجامی وەرگەڕانی یەكێكیان خنكاوە “.

كەیوان ئەحمەد وتیشی، “لە دوای ئەوەی بەلەمەكەیان وەردەگەڕێت هاووڵاتیان و مەلەوانانی نزیكی سیانیان ڕزگار دەكەن”.

ڕاشیگەیاند، “تا ئێستا تەرمی ئەو گەشتیارە نەدۆزراوەتەوە و تیمەكانمان بەردەوامن لە گەڕان بەدوایدا “.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا، ناوچەی شەمێران و شارۆچكەی دەربەندیخان سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشێت و هەندێك جار ڕووداوی دڵ تەزێنی لێدەكەوێتەوە.