سەردێر

حكومەتی هەرێم تایبەت بە بودجە و مووچە كۆبووەوە

خەڵك-
حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەران و ئەگەرەكانی ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراق ئەنجامدا و سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند، هیوادارین لایەنە عیراقییەكان بەدەم بانگەوازەكەی مستەفا كازمییەوە بێن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/3/9 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئامادەكارییەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و ئامادەكارییەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 و داتای خەرجی و داهاتی خەمڵێنراوی وەزارەتەكان كرا.

جەخت لەوە كرایەوە، كە لە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە، پێویستە هەموو ئەگەرەكان لە بەرچاو بگیرێن و بودجەیەكی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و كورتهێنان و خەرجی ڕاستەقینە ببەستێت بەئامانجی برەودانی زیاتر، بە شەفافیەت لە دارایی گشتی هەرێمی كوردستان.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “دوا پەرەسەندنەكانی پڕۆژی یاسای بودجەی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 تاووتوێ كرا، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی لە سەر بدرێت”.

مەسور بارزانی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان كردەوە، بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشە هەلپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی، لە نێویشیاندا بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێم، لە سەر بنەمای دەستوور .

سەرۆكی حكومەت هیوای خواست، لایەنە عێراقییەكان، پێشوازی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ مستەفا كازمی بكەن، لە پێناو چارەسەركردنی ڕیشەییانەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ .