سەردێر

كۆمەڵێك پڕۆژە لەنێوان ئەڵمانیا و پێشمەرگە واژۆ كرا

خەڵك-
وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە واژۆیان لەسەر ڕەشنووسی كۆمەڵێك پڕۆژەی جۆراوجۆری هێزەكانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە كردووە.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ 9ی3ی2021 لەمەڕاسیمێكدا، واژۆمان لەسەر ڕەشنووسی كۆمەڵێك پڕۆژەی جۆراجۆری پێشكەشكراوی هێزەكانی ئەڵمانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە كرد.

وەزیری پێشمەرگە نووسیویەتی، “لەمیانی گفتوگۆیەكماندا لەگەڵ كۆڵۆنێڵ هۆلگەر كونكل، فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ لەهەرێم و كارتین جاسچكێ، جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەولێر، ئەو هەنگاوەی دەوڵەتی ئەڵمانیامان بەگرنگ و پڕبایەخ وەسفكرد”.

دەشڵێت: “شانازی بە دۆستایەتی لەمێژینەی دەوڵەتی ئەڵمانیا دەكەین، كە لەڕێگەی ڕەشنووسی ئەو پڕۆژانەی پێشكەشیان كردوون، هێزی پێشمەرگە بەرەو قۆناغێكی گەشەسەندوتر و پێشەوەچوون دەچێت”.

فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیا لەهەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، وڵاتەكەی لەهاوكاری و هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، وێڕای بەشداری ڕابردوویان لە پڕۆسەی چاكسازی و مەشق و ڕاهێنانەكان، دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم پڕۆژە نوێیانە هەنگاوەكانی چاكسازی وەزارەت فراوانتر و ئاڕاستەكان گەشەسەندووتر بكەن.

شۆڕش ئیسماعل ڕاشیگەیاندووە، “بەناوی گەل و حكومەتی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە، سوپاسی گەل و حكومەتی ئەڵمانیا و سوپای ئەو وڵاتە دەكەین”.