خەڵك-
بەهۆی بایكۆت كردن و مانگرتنی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانی، شەقامەكانی ناوبازاڕ بڕێككی زۆر خۆڵ و خاشاكی تێدا كەڵەكە بووە و تا ئێستا كێشەكە چارەسەر نەكراوە.
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسانی ئیداری و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوە دەكرێت بۆ چارەسەر كردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ ئەو كێشەیە.
بۆ زانینی ئەوەی دواین بڕیار چی دەدرێت لەو بارەیەوە، سەرچاوەكە هیچی ئاشكرانەكرد و تەنها وتی، “كۆبوونەوە و دواتر بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە دەدرێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر سەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كێشەی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە چارەسەركراوە و دەست بەكاركردن دەكەنەوە.
ئەمڕۆ بەهۆی مانگرتنی ژینگە پارێزانی کۆمپانیاکانی پاكکەرەوەی سلێمانی شەقامەکان خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی کاسبکاران و هاووڵاتیانی لەسەر کەڵەکەبووە و بەوەش سەرەڕای ناشرینی دیمەنەكان بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگەی شەقامەكان.