سەردێر

ژنان داوای هەمواری چەند یاسایەك دەكەن

 

خەڵك
تۆڕی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان لەهەرێمی كوردستان سەردانی پەڕلەمانی كوردستانیان كرد و لەگەڵ لیژنەی مافەكانی ژنان لە پەڕلەمانی كوردستان كۆبوونەوە، داوای هەمواری چەند یاسایەك دەكەن لەوانەش یاساكانی باری كەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی.

لەنجە دزەیی سەرۆكی لیژنەی بەرگری لە مافەكانی ژنان لە پەڕلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەكو لیژنەی بەرگری لە مافەكانی ژنان و سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان، لەگەڵ تۆڕی ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان كە نوێنەرایەتی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەن كۆبووینەوە و گوێمان لەداواكاریەكانیان گرت كە خۆی دەبینێتەوە لە هەمواری چەند یاسایەك لەوانەش یاساكانی باری كەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی.

دەشڵێت داواكارییان لەپێناوی زیاتركردنی ڕۆڵ و پێشكەوتنی ژنانە ئەوەش پێویستی بە كاركردن و هەماهەنگی و دەركردنی یاسای زیاتر و باشتر هەیە بەتایبەت پرسی یەكسانی جێندەریی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و خێزانی و باری كەسێتی، پەڕلەمانیش پشتیوانی بۆ داواكاریەكانیان دەربڕی.

لای خۆشیەوە د. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و ئەندامی تۆڕی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنانی كوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای پێشكەوتنی ژنان لە سەرجەم بووارەكان، بەڵام پێویستمان بە پشتیوانی پەڕلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم هەیە، چونكە هێشتا كۆمەڵیك داواكارییمان هەیە، تاوەكو مافەكانمان بەفراوانتر بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، داوای هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و یاسای باری كەسێتی لە كوردستان لەپەڕلەمان دەكەین، هاوكات داواش لەحكومەت دەكەین یاسای ئەنجوومەنی خانمان دەربكات، بۆ ئەوەی یەكەی یەكسانی جێندەری لەسەرانسەری هەموو وەزارەتەكان دروست بكرێن چونكە ئێستا تەنها ٩ وەزارەت ئەو یەكەیەی هەیە، بۆ ئەوەی لەناو ئۆرگانەكانی مافەكانی ژنان لەحكومەت یەكسانی تەواو بەخۆیەوە ببینێ و هاوسەنگی مرۆڤ سالاریی لە تەواوی هەرێمی كوردستان دەستەبەر ببێت.

وتیشی، هەروەها داوا دەكەین بە لەبەرچاوگرتنی مافەكانی ئافرەتانی خاوەن كار لە كەرتی تایبەت كار لەسەر یاسای كار لە كوردستاندا بكرێت.