سەردێر

مۆڵەتی شۆفێری گۆڕانكاری تێدا دەكرێت

خەڵك
بڕیارە سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی كوردستان ڕێكبخرێت و وتەبێژی وەزارەتی هاتووچۆ دەڵێت پلانێكی نوێمان داناوەو وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

ئەسعەد كەریم، وتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، پلان و بەرنامەیەكیان تایبەت بەیەكخستنی سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری داڕشتوە و رەوانەی وەزارەتی ناوخۆیان كردووە، وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی لەسەر ئەو پرۆگرامە دەربڕیووە، بەڵام دیراسەی دەكات بۆئەوەی بزانێت بە چ شێوازێك بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی، دەمانەوێت شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بكەین بە یەك سیستەم، بەڵام ئەوە ئاسان نییە و بە قۆناغ دەكرێت، چونكە ئێستا لە هەر پارێزگایەكی هەرێم شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری جیاوازە .

وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم دەشڵێت، لە سیستمی نوێدا زیاتر رۆڵ بە نوسینگەكانی فێركردنی شوفێری دەدرێت و دەبنە هاوكارێكی هاتووچۆ، بۆئەوەی بتوانرێت بە باشترین و گونجاوترین سیستم مۆڵەتی شۆفێری بدرێتە هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ كاریان بۆ ئەم بابەتەكردووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە وەستاوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی پێدا بكەن و ئەنجامی كۆتایمان پێبدرێت.