سەردێر

هەفتەی داهاتوو دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت

دواین زانیاری لەسەر ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا

خەڵك-

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021ی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی عێراق بە‌میدیای حزبەكەى ڕاگەیاند، لە دانیشتنی دوێنێی پەڕلەمانی عێراق، 150 واژوو كۆكراوەتەوە‌ بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە.

وتیشی”هەندێك پەڕلەمانتار و لایەنی سیاسی دەیانەوێت بودجەكە بخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری دا كە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوودا، بودجە بخرێتە دەنگدانەوە”.

ئاشكراشیكرد، بۆ پشكی هەرێم، تاكو ئێستا دەقێكی تر نەهاتووە‌، جگە لەو دەقەی لای حكومەتی عێراق هاتووە، ئێمەش پشتگیری لەو دەقە دەكەین.

لای خۆشیەوە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەقێكی دیكە هێندراوەتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەوە، كە پەیوەستە بە ڕادەستكردنی نەوت و پشكی هەرێمی كوردستان، ئەویش ئەوەیە هەرێمی كوردستان 460.000 بەرمیل نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیەوە بفرۆشێت، لە داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتە، بەشی هەرێم دەربكرێت، بەجۆرێك 30.000 بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ داهاتی 150.000 بەرمیل بۆ خەرجی كۆمپانیاكانی بواری نەوت.

ڕوونیشیكردەوە، بەپێی ئەو دەقە نوێیە، هەرێم 200-250 بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات، ئەمەش هەرێمی كوردستان پێیڕازییە و هیچ گرفتێكی لەگەڵیدا نیە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، شاندی حكومەتی هەرێم و بەغدا بە دەیان كۆبوونەوەیان بۆ چارەسەركردنی پرسی بودجە ئەنجام داوە بەڵام تاكو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێكەوتن، هاوكات موستەفا كازمی بانگهێشتی لایەنەكانی كرد بۆ كۆبوونەوەو ڕێكەوتن و لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشوای لە بانگهێشتكەی كازمی كرد و ئاشكرایكرد، ئامادەی سازان و كۆبوونەوەین.