سەردێر

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بارزانی و پاپا ئاشكرا كرا

خەڵك-

وتەبێژی بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی پاپا بەشێوەیەكی مەعنەوی بۆ ئێزیدییەكان زۆر گرنگ بوو، پاپا بەو هەموو لێپرسراویەتەی خۆی زیاتر لەدوو سێ جار باسی ئەو كارەساتەی كرد كە بەسەر ئێزیدییەكاناندا هات ئەوەش بێگومان فشارێكی نێودەوڵەتی دەكات لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كەئەو پێكهاتە (ئێزیدی) دەبێت مافی خۆی وەربگرێت.

ڤیان دەخیل وتەبێژی بارەگای بارزانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، سەردانەكەی پاپا فڕانسیس بۆ عێراق بەگشتی و بۆ كوردستانیش بەتایبەتی سەردانێكی زۆر گرنگ بوو هەموومان دەزانین كەكوردستان ئێستا ئەو جێگەیەیە كەئەمن و ئارامی تێدایە بۆ هەموو پێكهاتەكان، هەموو پێكهاتەكان كاتێك لەتیرۆریست ڕایانكرد لە 2014 و پێش 2014 ش لێرە ئەمن و ئەمانەتیان هەبوو مافەكانیان هەبوو، سوپاسی كوردستانیشی كرد كەئەو هەموو خەڵكەی حەواندووەتەوە.

وتیشی”پێشوازیكردنی پاپا لە هەولێر شتێكی جێی شانازییە بۆ هەموو كەسێك هەتا بۆ جەنابی پاپا فەرەنسیس كاتێك هات و ئەو هەموو شتەی بینی و پێشوازیكردنەكەی پاپا لەهەولێر زۆر زۆر جیاوازی هەبوو لەهەر جێگەیەكی دیكە كە هەموومان دەزانین بە چ ڕەنگێك پێشوازی لێدەكرا بەدڵنیاییەوە ئەوە كاریگەریەكی زۆری هەبوو لەلای پاپا”.

سەبارەت بەوەی هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێم بانگهێشتكرابوون بۆ مەراسیمەكە ناوبراو ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوەو حكومەت و پەڕلەمان هەمووی هاتبوون واتە هەموویان بانگهێشت كرابوون ئەوەی حەزی لێبوو هاتبوو ئەوەی حەزی لێ نەبوو نەهاتبوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ هەموو كەسێك هەبوو چ لەحكومەت بێت چ لەپەڕلەمان بێتە ئەو مەراسیمانە.

سەبارەت بەسیفەتی كۆبونەوەكەی نێوان پاپا و مەسعود بارزانی؟ ئاشكرایكرد، سەرۆك مەسعود بارزانی نەك سەرۆكی حزبێكە لەعێراق بەڵكو سەرۆكێكی گەورەی ئەم ناوچەیە و عێراق و كوردستانە قورسایی خۆی هەیە لەهەموو دنیا، سەرۆك بارزانی پێویستی بە مەنسەب-پلەوپایە نیە یان بەناوێكی پلەوپایە بۆ كۆبوونەوە، بەڵام هەر بۆ خۆی سومبولێكی گەورەی كوردو كوردستانە.

وتیشی”بەدڵنیاییەوە بارزانی وەكو مەرجەعێكی گەورەی كورد و كوردستانە نەك هەر هەرێمی كوردستان مەرجەعی هەر هەموو كوردە بەگشتی لەچوار پارچەی كوردستان، چونكە لێرە نەك ئەو ئاوارانەی كەلەعێراقەوە هاتوون نەك كەمە نەتەوەكانی تریش هاتوونەتە كوردستان تەنانەت خەڵكی عەرەبیش هاتووە سونە و شیعەش لێرەن خەڵكی كوردی هەرچوار پارچەكانیش لێرەن”.

سەبارەت بەناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، ناوبراو ڕوونیشكردەوە، ئەوەی بزانم زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد لەسەر ئەو هەموو شتانەی كەدەیكات بۆ ڕۆڵی سیاسی و زەعامەتەی كەهەیەتی لەناوچەكە وەكو دەتوانێت هاوسەنگیەك بكات لەهەموو لایەنەكان چ لەگەڵ لایەنی عێراقی و چ لەگەڵ لایەنی هەرێمی هەروەها زۆر سوپاسی كوردستانیشی كرد.