سەردێر

لە شارۆچكەیەكی كوردستان، بەرپرسان ڕوو لە هێنانی ژنی دووەم دەكەن

خەڵک-

پارێزەرێک ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دووساڵدا بەپێی دواین ئامار کە لەدادگای شارۆچکەی مەخموور سەر بەحکومەتی ئیتیحادی تۆمارکراوە ١١٦ بەرپرس لەپلەی جیاواز ژنی دووەم و سێیەمیان هێناوە.

پارێزەر گۆران دیبەگەیی، سەبارت بەدواین ئاماری هێنانی ژنی دووەم لە شارۆچکەی مەخموور بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، بەهۆی قەیرانە جۆراوجۆرەکانی هەرێم بەتایبەت قەیرانی دارایی ژمارەیەکی زۆر خێزان هەڵوەشاونەتەوە و سەدان خێزانیش توشی کێشەی جۆراوجۆر بوون، کەچی بەرپرسانی باڵا سەرقاڵی هێنانی ژنی دووەم بوون.

دەشڵێت، لەماوەی دووساڵدا بەپێی دواین ئامار کە لەدادگای شارۆچکەی مەخموور سەر بەحکومەتی ئیتیحادی تۆمارکراوە ١١٦ کەس لەپلەی جیاوازی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشێک لەحزبەکان و وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و پەڕلەمانتاری خانەنشینی کوردستان و لەمەخموریش ژنی دووەم و سێیەمیان هێناوە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، بەپێی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی تۆمارکراون، ئەو زێڕەی بۆ ژنی دووەم و سێیەمی ئەو بەرپرسانە کراوە کەمترینیان ٢٠٠ مسقال زێرە تا سەرووی هەزار مسقال زێر، کەچی خەڵکیش هەیە لەبەر هەژاری شیرازەی خێزانی تێکچووە.