سەردێر

خەڵك هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق، باس لەو هەوڵانە دەكات كە لەنێو پەرلەماندا دەستیپێكردووە بۆ گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلار و دەڵێت، بەزربوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، یاریدەدەر بۆ هەنگاوێكی لەو جۆرە.

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند”بزاوتنێك لەنێو پەرلەماندا دروستبووە بۆ گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆ، لەسایەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهان، ڕەوشەكە لەئێستادا لەبارە بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار كە بەرزكردنەوەی كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی توێژێكی بەرفراوانی هاووڵاتیان دروستكردووە”.

بە وتەی نەدا شاكر جەودەت”پەرلەمانتاران لەئێستادا دەیانەوێت لانی كەم نرخی خەرجی دۆلار بۆ 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێك كەمبكانەوە، ئەمەش بۆ حكومەت كارێكی ئاسانە، بە تایبەت كە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی ڕێژەی كورتهێنان و دەوڵەمەندبوونی خەزێنەی دەوڵەت، بۆیە دەكرێت حكومەت لە هەنگاوەكەی پێشووی پاشگەز ببێتەوە و نرخی دۆلار كەمبكاتەوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە”لەئێستادا حكومەت ناچار نییە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەمشێوەیەی ئێستا بهێڵێتەوە كە بۆتە مایەی دروستكردنی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان گرانبوونی كاڵا و پێداویشتییەكان لە بازاڕدا، بۆیە گەر حكومەت لە خەمی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیاندا بێت، پێویستە نرخی دۆلار بۆ نرخەكەی پێشووی یان بۆ لانی كەم بۆ 1300 دینار كەمبكاتەوە”.

پێشتر بەهۆی بوونی كورتهێنانێكی زۆر لە بودجەدا، حكومەتی عیراق ناچار بوو نرخی خەرجی دۆلار بۆ 1445 دینار بەزبكاتەوە، تا بتوانێت مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە پێویستەكانی تر دابین بكات و جارێكی تر دەست بۆ یەدەگی فیدراڵی یان قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی نەبات كە ئابوری وڵاتیان لە ڕۆخی داڕمان نزیككردەوە.