سەردێر

وەزارەتی تەندروستی: ڕەوشەكە مایەی نیگەرانییە

ترسی ئەوەیە لەدەست دەربچێت

خەڵك-
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی تەندروستی نیگەرانە لەوەی ڕەوشی تەندروستی لە عیراقدا لەدەست دەربچێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند”پێشبینی دەكرێت ژمارەی تووشوان لە عیراقدا ڕوو لە زیادبوون بكات، بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی، وەزارەتیش ترسی ئەوەی هەیە ڕەوشەكە لەدەست دربچێت و ژمارەی تووشبوان بەجۆرێك زیادبكەن كە نەخۆشخانەكان توانای لەخۆگرتنیان نەمێنێت و ئۆكسجینی پێویست بۆ نەخۆشەكان دەستەبەرنەكرێت”.

بە وتەی ڕیاز عەبدولئەمیر”تائێستا ڕەوشەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە لەڕووی چارەسەرەوە، بەڵام دڵنیانیین لەوەی لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا چی ڕوودەدات، بۆیە هەموو شتێك چاوەڕوانكراوە سەبارەت بە سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆی هەمەلایەن، بەردەوام بوون لەسەر ئەو ڕێكارانەی لەئێستادا گیراونەتەبەر”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عیراق”تاكە ڕێگەچارە، پابەندبوونە بە بەستنی كەمامە و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی كە قورتاربوونە لە پەتای كۆرۆنا، ئەمەش ڕێنمایی هەموو ڕێكخراوەكانە لە عیراق و لادان لەو ڕێنماییانەش لە گەورەترین و پەرەسەندووترین وڵاتانی جیهاندا سزای هەیە”.

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراقی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو، 4468 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 3920 كەس چاكبوونەتەوە و 24 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستداوە.