سەردێر

هیچ بڕیارێك بۆ قەدەغەی هاتووچۆ نییە

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەریچمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوەو وتیشی، هیچ بڕیارێك بۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە نەورۆز نییە.

ئەمڕۆ هەریەكە لە وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر یەكەم ژەمی پێكوتەی كۆرۆنایان وەرگرت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو ڤاكسینەی هاتووە بەشی هەموو كارمەندانی تەندروستیش ناكات، ئێمە پەرۆش بووین بۆ ئەوەی كارمەندانی تەندروستی بەكاری بێنن، بەڵام بۆ ڕەتكردنەوەی هەر دەنگۆیەك كە ئەو ڤاكسینە خراپ بێت، بەرپرسان بەكاریان هێنا، بەباشمان زانی بەشداربین لەوەرگرتنی ڤاكسین بۆ هاندانی كارمەندان.

دەشڵێت، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا، 344 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كران، چوار كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەست دا و زۆربەی تووشبووان تووشی كۆرۆنای گۆڕاو بوونه.

وتیشی، هەفتەی داهاتوو بڕیارە ١٨٧ هەزار ڤاكسینی تر بگاتە هەرێمی كوردستان و لەهەوڵی زیادكردنی ڤاكسینەكەشداین، بەڵام پێویستە لە ڕێكارەكانی خۆپارێزی سارد نەبینەوە و خۆمان بپارێزین، ڕێكارەكانیش هەمان ڕێكارن.

لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ لە نەورۆز ئەوەی خستەڕوو، لێژنەی باڵا چ بڕیارێك بدات ئەوە دەبێت، بەڵام هیچ بڕیارێك بۆ قەدەغەی هاتووچۆ نییە.