سەردێر

دانیشتوانی چەقژ گرد دەبنەوە

كێشەی كەمیی كارەبایان هەیە

خەڵك
دانیشتوانی گوندی چەقژ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبوونی كارەبای نیشتیمانی گردبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم وێستگەی كارەبای سلێمانی دووكان ئەنجام دەدەن.

محەمەد ئەحمەد دانیشتووی گوندی چەقژ ، بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، ساڵانێكی زۆرە كارەبای نیشتیمانی گوندەكەمان نەبڕاوە، چونكە كەمترین لۆدی لەسەر بووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2000 چەند گوندێكی دیكە كارەباكەیان خرایە سەر گوندەكەی ئێمە.

وتیشی، لە ئێستادا چەند پڕۆژەیەكی تێدا دروستكراوە بووەتە هۆی بڕینی كارەباكەی ئێمە و ئەو پڕۆژانە كارەبایان پێویستە و لۆدێكی زۆر كەوتووەتە سەر كارەبای گوندەكەمان و بەو هۆیەوە بڕیار دراوە كارەباكەمان ببڕن و ئێستا چەند كاتژمێرێكی زۆر كەم كارەبامان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهەزاران دۆنم زەویمان داگیركراوە بەهۆی تاوەری كارەبا و دوو وێستگەی گەوری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی لە سنووری گوندەكەمانە و بۆیە ناچارین لە كاتژمێر یەك گردبوونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم وێستگەی كارەبای سلێمانی دووكان ئەنجام بدەین.

وتیشی، پڕۆژەیەكی كارەبا كە لە سنووری گوندەكەمان دروستكراوە جگە لە زیان سوودی پێنەگەیاندووین بە هۆی ئەوەی كارەبامان بڕدراوەو دەنگی موەلیدەكان بە تەواوی خەڵكی گوندەكەی بێزار كردووە و لە بەیانیاندا تەمێكی زۆر دروست دەبێت.

گوندی چەقژ دەكەوێتە تەنیشت كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە و نزیكەی 70 ماڵی تێدایەو چەند پڕۆژەیەكی گەورە لە گوندەكەدا هەیە.

 



هەلبژاردە

گرنگترینەکان