سەردێر

حاكم قادر: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری و یاسا سەروەر بێت

خەڵك

ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت:”ئەركێكی گرانە بخوازین ڕیفۆرم بكەین، لە كۆمەڵگەیەكدا كە تێیدا ڕەخنەگرتن بە سوكایەتی و جیاوازی بیروڕا بە خیانەت پێناسە بكرێ”.

حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند:” پێویستە لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو بن و كاری پێكەوەیی زیاتر بكەن، چونكە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان خاڵی هاوبەشیان زیاترە، وەك لە خاڵی ناكۆكییان و پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكان لەم قۆناغە هەستیارەی گەلی كوردستاندا بە یەكگرتووی كاربكەن، نابێت لایەنە سیاسییەكان بە كار و كاردانەوە مامەڵە لەگەڵ ناكۆكییەكانیان بكەن، بەڵكو ڕێگەی گونجاو هەر گفتوگۆ و دایەلۆگ و دانوستان و دانیشتنی هاوبەشە و تەنها ئەو كات دەتوانرێت كێشەكان چارە بكرێت و بەو شێوەیەش گەلەكەمان ئاسۆیەكی ڕونتری دەبێت”.

حاكم قادر بە پێویستیشی زانی:” لەم قۆناغەدا كە هاوشێوەی ڕابردوو، سیاسەتی پەرتكردن و پەرتەوازەی لەلایەن دووژمنانی گەلی كوردستانەوە بەردەوامی هەیە، گەلی كوردستان یەكدەنگ و یەكگرتوو و یەكهەڵوێست بن”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بە گرنگیشی زانی:” لە هەڵبژاردنەكان بە گشتی و لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا هەموو هێز و لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، لەسەر ئاستی عیراق بە گشتی و ناوچە جێناكۆكەكان بە تایبەتی”.

ھەروەھا، حاكم قادر ڕاشیگەیاند “ئەركێكی گرانە بخوازین ڕیفۆرم بكەین، لە كۆمەڵگەیەكدا كە تێیدا ڕەخنەگرتن بە سوكایەتی و جیاوازی بیروڕا بە خیانەت پێناسە بكرێ”.

هەروەك، حاكم قادر بە پێویستیشی زانی:”حكومەتی هەرێم لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بەبێ جیاوازی سەیری شار و شارۆچكەكانی كوردستان بكات و بە ئەركی خۆی هەڵبستێت لە پێناو بژێوی ژیانی خەڵك و ئاوەدانیدا و ئەگەر جیاوازیش بكات ئەوا جیاوازی لەسەر بنەمای قوربانیدانی زیاتر بێت كە هەر ناوچەیەك قوربانی زیاتری دابێت بە درێژایی مێژووی میللەتەكەمان، ئەوا خزمەتی زیاتر بكرێت”.

هاوكات، حاكم قادر حەمەجان جەختیشی لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا كردەوە لە پێناو چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتیدا.

جێی ئاماژەیە، حاكم قادر حەمەجان، ئەمڕۆ یەكشەممە، ٧ی ئازاری ٢٠٢١، ئەو وتانەی لە میانی بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی چوارڕیانی ناهیدە سۆفی لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند.