سەردێر

گەرمیان.. هەوڵدەدرێت زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەش بكرێت

خەڵك

ئەمڕۆ (7ی ئازار) نوێنەری زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی سیاسی ئەنفال، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان كرد و داوایانكرد ئیدارەی گەرمیان كار بكات بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەریاندا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پشتیوانی خۆی بۆ داواكارییەكانیان دووپاتكردەوە.

بە ئامادەبوونی قائیمقامی شارۆچكەی كەلار و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كشتوكاڵ و شارەوانییەكانی گەرمیان و سەرۆكی شارەوانی كەلار، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ نوێنەری زیندانیانی سیاسی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، نوێنەری زیندانیانی سیاسی ڕایانگەیاند، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا فەرمانیان هەیە بۆ وەرگرتنی زەوی لە شاری كەلار بەڵام تا ئێستا فەرمانەكە جێبەجێنەكراوە و زەوی بەسەریاندا دابەشنەكراوە.

لای خۆیەوە، سەرۆكی شارەوانی كەلار ڕوونیكردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا زەوی پێویست دابینكراوە بۆ ئەوەی دابەشبكرێت بەسەریاندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی زەوییەكان كشتوكاڵی بوون و تا ئێستاش بە دەست جوتیارانەوەیە و ڕێكارەكان تەواو نەبوون، زیندانیانی سیاسی لێی سودمەنەبوون.

لای خۆیەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، زیندانیانی سیاسی چینێكی قارەمان و خەباتكاری كۆمەڵگەن و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا قوربانیان داوە و زیندانی كراون، بۆیە مافی خۆیانە خزمەتیان بكرێت و قەرەبووی قوربانیدانیان بكرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی گەرمیان جەخت لەوە دەكاتەوە لە كەمترین ماوەدا زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەشبكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد هەرچی زووە ڕێكاری قەرەبووكردنەوەی جوتیارەكان بگرنەبەر و دواتر زەوی بەسەر زیندانە سیاسییەكان دابەشبكرێت.

دواتر، بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان باسیان لە وردەكای ڕێكارەكان و گرفتەكانی بەردەم دابەشكردنی زەوی بەسەر زیندانە سیاسییەكان خستەڕوو، هاوكات، ئامادەییان پیشاندا بۆ چارەسەری گرفتەكان و كاركردن بۆ دابەشكردنی زەوییەكان لە داهاتوویەكی نزیكدا.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان