سەردێر

ڕەشەبایەكی بەهێز و باران و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەهی نزمە پاڵەپەستۆیەكی جەمسەری سارد ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ماوەی ڕابردوو دەكەوێتە ژێر كاریگەری بایەكی بەهێز، كە مەترسی ئەوە هەیە زیانی لێ‌ بكەوێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نزمە پاڵەپەستۆیەکی جەمسەری سارد ڕوودەکاتەوە ناوچەکانمان و بەدوو ئاڕاستەی جیاواز خێرایی با توند و چالاک ئەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژی پێنج شەممەی کۆتایی ئەم ھەفتەیە ١١-٣-٢٠٢١ لە ئەنجامی داغڵبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی جەمسەری لەژێر کاریگەری سەرچاوەی دەریای سپی ناوەڕاستدا خێرایی بای باشوری خۆرئاوا لەناوچەکانی سنوری گەرمیان، کەرکوک و بەڕادەیەکی کەمتریش لەناوچەکانی سلێمانی ڕوو لە چالاکبوون ئەکاتەوە بەخێرایی ٢٥ تا ٥٠ کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا.

ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژی ھەینی دا ١٢-٣-٢٠٢١ کاریگەری ئەم ئاڕاستە بایە کۆتایی پێدێت و ئاڕاستە بایەکی دیکەی سارد چالاک ئەبێتەوە لەناوچە شاخاوییە سنوورییەکانەوە بە ئاڕاستەی ناوچەکانی سلێمانی، ڕاپەڕین و گەرمیان کاریگەری ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پێشبینی ئەکرێت خێرایی با لەھەندێک ناوچەدا بگاتە سەروو ٥٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

ئاشكراشی كرد، لەگەڵ کاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیەدا ھەر لەڕۆژی ھەینی پێشبینی بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەکان دەکرێتەوە و پلەکانی گەرما بەڕادەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە لە زۆربەی ناوچەکاندا.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە سبەینێ‌ لە هەندێك لە ناوچەكانی دهۆك و هەولێر و ڕاپەڕین نمە باران ببارێت و هەورە تریشقەی لەگەڵ ئەبێت.