سەردێر

د. سەباح: بڕێكی باش ڤاكسین بۆ سلێمانی دابین دەكەین

خەڵك-
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وەك یەكەم بەرپرسی كەرتی تەندروستی ڤاكسینی كۆرۆنای لە جۆری (سینۆفارم)ی چینی بەكارهێنا و ڕاشیگەیاند، پشت بەخوا بڕێكی باش ڤاكسین بۆ پارێزگای سلێمانی دابین دەكەین.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڕی 50 هەزار ژەم ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتە عیراق و بڕی 5 هەزاری درا بە هەرێمی كوردستان و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە هەولێر و دهۆك دەست كرا بە كوتانی كارمەندانی تەندروستی لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا، بەلام هیچ بەرپرسێكی حكومی و تەندروستی خۆیان نەكوتا لە كاتێكدا لە وڵاتان سەرەتا بەرپرسانی باڵا ڤاكسینەكە وەردەگرن بۆ دڵنیایی دان بە هاووڵاتیان.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروسستی دوای گەیشتنی پشكی شارەكە لە ڤاكسینی كۆرۆنا وەك یەكەم بەرپرسی كەرتی تەندروستی خۆی كوتا.

د. سەباح لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “وەك یەكەم كەس لە پارێزگای سلێمانی و یەكەم بەرپرسی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، لە نەخۆشخانەی (جمهوری) شاری سلێمانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنام وەرگرت”.

ڕاشیگەیاندووە، “پشت بەخوا بڕێكی باش ڤاكسین بۆ پارێزگای سلێمانی دابین دەكەین بەو ئومێدەی كاریگەری باشی هەبێت”.