سەردێر

داهاتی مانگێكی دەروازە سنوورییەكان لە 100 ملیار دینار نزیك دەبێتەوە

خەڵك-

دەستەی دەروازە سنوورییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی عیراق داهاتی یەك مانگی دەروازە سنوورییەكان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، دوابەدوای بڕیارەكانی ساڵی ڕابردووی سەرۆك وەزیران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان داهات دوو هێندە زیادی كردووە.

دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، داهاتەكانی گومرگ، باج و داهاتی دیكەی بەدەستهاتوو لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەیشتۆتە 96 ملیار و 784 ملیۆن و 370 هەزار دینار لەكاتێكدا كۆرۆنا و پشووەكان لە چین، زۆرترین كاڵای لێوە هاوردە دەكرێت ڕەنگدانەوەیان لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕێژەی داهات هەبووە.

ڕاشیگەیاندووە، لە مانگی ڕابردوودا 105 سەرپێچی جۆراوجۆر لە دەروازە سنوورییەكان تۆماركراون، لەوانە یاریكردن بە نووسراوەكان، كاڵای بەسەرچوو، ئۆتۆمبێلی قاچاخ و ماددەی هۆشبەر و سەرپێچی دیكە.

دەستەی دەروازە سنوورییەكان ڕوونیشی كردۆتەوە، “لە ساڵی ڕابردوودا تریلیۆنێك و 195 ملیار و 266 ملیۆن و 395 هەزار و 323 دینار داهاتیان بووە و لە ساڵی 2019دا تریلیۆنێك و 122 ملیار و 970 ملیۆن و 568 هەزار و 610 دینار بووە و دەشڵێت: “بەو پێیە لە ساڵی 2020 بە بەراورد بە 2019 بڕی 72 ملیار و 295 ملیۆن و 826 هەزار و 713 دینار زیاتر داهاتیان هەبووە”.

جەختیشی كردۆتەوە، زیادبوونی داهاتی دەروازە سنوورییەكان لە ئەنجامی هەوڵی فەرمانگەكانی سەر بە دەستەی دەروازە سنوورییەكانە، كە هەوڵەكانیان بۆ زیاتركردنی داهاتی دەوڵەت چڕكردۆتەوە.