سەردێر

كۆرۆنا لە سلێمانی زیاد دەكات

کارمەندێکی تەندروستی سلێمانی ڤاکسینی بەکارهێناوە

سلێمانی – نزار جەزا
لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت،لەپاش هەفتەیەکی دیکەوە ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەسلێمانی زیاددەکات، بۆیە پێویستە ڕێکارەکانی خۆپارێزی زیاتر بکرێن.

نەجمەدین حەسەن، لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند،لەهەموو عیراق ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا ڕووی لەهەڵکشان کردووە، لەهەرێمی کوردستانیش دوای چەند هەفتەیەک ڕووی لەزیادبوون کرد، بۆیە پێشبینی دەکرێت، لەدوای ١٥ی ئەم مانگەوە لەسلێمانیش ڕێژەکە ڕوو لەزیادبوون بکات.

باسی لەئەوەشکرد، ئەو ڤاکسینەی لەسلێمانی بەکارهات لەسەدا ٧٠ بۆ ٧٤ بەرگری جەستە زیاد دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەمە لەئێستادا بۆ کارمەندانی تەندروستییە کە لەڕیزی پێشەوە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنان، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان پابەندی زیاتری ڕێنماییەکانبن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تاکو ئێستا نازانرێت تاکو کەی ئەم ڤاکسینە کاریگەری دەبێت، بەڵام ئەو کەسەی ڤاکسین بەکاردەهێنێت، بەدوو جار پێی دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لەهاوڵاتییان دەکەن دووربکەونەوە لەقەرەباڵغی و دەمامک بەکاربهێنن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجامبدەن بەگشتی.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەک شەممە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیەنرایە پارێزگای سلێمانی و یەکەمجار لەلایەن بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانییەوە بەکارهات.