سەردێر

ڕاپەڕین، لە زیانی خەڵك و قازانجی سیاسیییەكان

خەڵك-

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە لە كوردستان ململانێی هێزە سیاسییەكان بووە بەهۆی هاووڵاتیان زیانمەند بن و هێزە سیاسییەكانیش سوودمەندبوون.

كاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی جێگای داخە لەكۆی خەڵكی كوردستان بپرسی ناڕازییە، چونكە بەداخەوە خەڵك ڕاپەڕینی كرد چاوەڕێی شتی باشتری كرد و چاوەڕێی یەكڕیزی نیشتمانی دەكرد و بڕوای بەوە بوو كە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لەچوارچیوەی یەك حكومەتدا خۆی ببینێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەهاتەدی، ئەوەش بووەهۆی نەوەی نوێ گومانی هەبێت لە هەموو شتێك و بێتاقەت بێت.

وتیشی”بەداخەوە لە كوردستان ململانێی هێزە سیاسییەكان بووەبەهۆی هاووڵاتیان زیانمەند بن و هێزە سیاسیەكانیش سوودمەندبوون، چونكە هەریەكەیان دەبینی خاوەنی كەناڵن و بەرپرسەكانیان خاوەنی ماڵ و سەیارەی جوانن، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەكان ئەمە ببینین و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە جێگای خۆیدایە و دەبیـَت كار لەسەر شكاندنی یەكتر نەكەن، چونكە كوردستان لە هەموكات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی نیشتمانی هەیە”.

ڕوونیشیكردەوە، لە یادی ڕاپەرین، ئینتیمانی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمە بووەبەهۆی گەنجێك ڕاپەرین بەهی خۆی نەزانێت، ئەمەش كارێكی باش نییە و پێویستە كۆی هێزە سیاسییەكان ئەوە بەهەند وەربگرن و هاووڵاتیانی خۆمان بە هەلی كار و خزمەتگوزاری دڵخۆش بكەین.

ئەمڕۆ 7-3 30 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەری شاری سلێمانی دژی ڕژێمی پێشووی بەعس تێپەڕدەبێت و سەرجەم بنكەو بارەگاكانی ئەو حزبە لە ناوچەكە گیران.