سەردێر

یەکەم ڤاکسین لەسلێمانی بەکارهات

سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ یەک شەممە بۆیەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنا لەشاری سلێمانی بەکارهات، کە سەرەتا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەکاریهێنا.

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی پاش بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڤاکسینی دژە کۆرۆنا گەیشتە پارێزگای سلێمانی و لەناو دامودەزگاکانی تەندروستی بەکارهێنرا.

ئاماژەى بەئەوەشدا، هیوادارین ڤاکسینەکانی دیکەش کە حکومەتى عیراق کڕیونی بیگەیەنێتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لەشارەکان.

باسی لەئەوەشکرد، ئەو کەسەی ڤاکسین بەکاردەهێنێت، پێویستە بۆ ماوەیەک پشوو وەربگرێت، بۆماوەیەک چاودێری خۆی بکات، بۆئەوەی ئەگەر هەر نیشانەیەکی لێ دەرکەوت لایەنە بەرپرسەکان ئاگاداربکاتەوە، ئەمەش بەمەبەستی توێژینەوەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڤاکسینە بۆ کەسانێک بەکاردەهێنرێت، کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵدایە.

وتیشی: ڤاکسینەکە وەک هاوکاری لەلایەن وڵاتی چینەوە پێماندراوە، و پشکی پارێزگای سلێمانی هەزار و ٧٢٠ بەشە ڤاکسینە، کە هەر کەسیک دووجار وەریدەگرێت، واتە ئەم بڕە ڤاکسینە بەشی ٨٦٠ کەس دەکات.

دەشڵێت: ئەگەر خۆمان گومانمان لەم ڤاکسینە هەبێت، نابێت بۆ خەڵکی دیکەی بەکاربهێنین، ئەمڕۆش کە من بەکارمهێناوە وەک خەڵکی دیکە خێزان و کەسوکارم هەیە و یەکترمان خۆشدەوێت، بۆیە چەندێک خەمی خۆمە هێندەش خەمی خەڵکی دیکەمە، لەبەرئەوە ئەگەر گومانم لێی هەبووایە خۆم یەکەمجار بەکارمنەدەهێنا.

ئەوەشی باسکرد، لەم قوناغەدا ڤاکسینەکە تەنها بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت، کە لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا کاردەکەن، دواتر ئەگەر بڕی زیاتریان بۆ هات بۆ کارمەندانی دیکەی تەندروستی و ئەو کەسانەى نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بەکاردەهێنرێت.

باسی لەئەوەشکرد، داوا لەهاوڵاتییان و حکومەتی هەرێم دەکات ڕێکارەکانی خۆپارێزی زیاتربکەن، چونکە لەدوای ١٥ی ئەم مانگەوە ڕێژەى تووشبوون بەکۆرۆنا زیاددەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بڕێک ڤاکسین گەیەنرایە پارێزگای سلێمانی و یەکەمجار بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بەکاریهێنا، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی و کارمەندانی دیکەوە بەکارهات.