سەردێر

داهاتی هەرێم زۆر زیادیكردووە

خەڵك-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان هەركات پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق جێگیر كرا، مووچەی فەرمانبەران گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

هەرچەندە نرخی نەوت بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەرز بووەتەوە و هاوكات بەهای دۆلاری ئەمریكایش بەرز بووەتەوە، ئەمەش داهاتی هەرێم زیاد دەكات، بەڵام تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بە بێ لێبڕین نەداوە.

بەپێی زانیارییەكان، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 480 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بەو پێیەی ئێستا نرخی نەوت 70 دۆلارە، بەڵام ئەگەر هەرێم بە 55 دۆلار نەوتەكەی بفرۆشێت، ئەوا مانگانە ترلیۆنێك و 148 ملیار دیناری دەست دەكەوێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەرێمی كوردستان مانگانە 300 ملیار داهاتی ناوخۆی دەست دەكەوێت، بەو شێوەیە داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان دەگاتە ترلیۆنێك و 448 ملیار دینار، ئەمەش لەكاتێكدایە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بە 850 ملیار دینارە بەبێ لێبڕین، كەواتە حكومەت دەتوانێت بە بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات.

محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئەوكاتەی عێراق بودجە نەنێرێت لێبڕین بەردەوام دەبێت.
وتیشی”ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق جێگیر كرا، ئەوكات سەدا سەد مووچە دابەش دەكرێت”.

ڕوونیشیكردەوە، تا ئەوكاتەی هەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێككەوتن، حكومەتی هەرێم بە داهاتەكانی ناوخۆی ناتوانێت مووچەی تەواوەتی دابەش بكات لەم قۆناغەدا.