سەردێر

پاپا داوای گەڕانەوەى ئاوارەكانی موسڵ دەكات

خەڵك-

پاپا فرانسیس گەیشتە شاری موسڵ و لەلایەن بەرپرسان و مەسیحییەكانی ئەو شارەوە پێشوازی لێكرا.

دوای گەیشتنی، لە وتارێكیدا كە بۆ مەسحییەكانی ئەوشارەی دا ڕایگەیاند، كەمكرنەوەی قوتابیانی كریستیان لە موسڵ زیانێكی گەورەیە و ناتوانین بیخەمڵێنین نەك بۆ كۆمەڵگەی خۆیان بەڵكو كاریگەری بۆ تەواوی جیهان هەیە.
وتیشی”هاوخەمی دەردەبڕین بۆ ئەو كەسانەی بەهۆی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەم شارە پێكهاتەی ژیانە كە سەرچاوەی ئاینیان جیاوازە و پشتیوانیتان لێدەكەم بۆ گەڕانەوەی مەسیحییەكان بۆ موسڵ و نزا لە خوای گەورە دەكەین بۆ تەواوی قوربانیانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكان.
ئاشكراشیكرد، ئاستەنگەكان دیارن كە ئەم وڵاتە سەرچاوەی شارستانیەكانە و ڕووبەرووی ئەم زریانە نامرۆڤانە بوونەتەوە و تەواوی پەرستگاكانی لەناوبردووەو موسڵمان و كریستیان و یەزیدییەكان بە زۆر دەركران و كوژراون.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە پاپا دوای موسڵ، سەردانی ناحیەی قەرەقوش بكات.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی فەڕمی گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و گەورە بەرپرسانی دیكەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازی لێكرا.

بە پێی زانیارییەكان، بڕیارە لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری بەشداری كۆبوونەوەیەكی جەماوەری مەسیحییەكان بكات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی پاپا بە سەردانێكی مێژووی گەیشتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە و دوێنێش پاپا سەردانی شاری نەجەفی كرد و لەگەڵ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان كۆبووەوە و دواتر سەردانی پارێزگای زیقاری كرد و شاری ئووری مێژووی بەسەركردەوە.

سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و بەسەركردنەوەی مەسیحییەكانی عێراقە، دوای ئەوەی مەسیحییەكان لەدوای 2003وە ڕووبەڕووی شەپۆلێكی توندوتیژی و كۆچكردنی ناچاری بوونەتەوە.