سەردێر

“پاپا پەیامی ئاشتی دێنێت”

خەڵک-ئارام سەردار

نوسەر و کەسایەتیيەکیی پێکهاتەی مەسیحيیەکان ڕایدەگەیەنێت، پاپا دێت و پەیامی ئاشتی لەگەڵ خۆی دێنێت، داواش لەحکومەتی هەرێم دەکات موڵک و ماڵی مەسیحیيەکان کە لەلایەن خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە بۆیان بگەڕێنێتەوە.

جەمیل عیسا، نوسەر و کەسایەتی پێکهاتەی مەسیحیيەکان لەبارەی سەردانی پاپا بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، سەردانی قەداسەتی پاپا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە کە بۆ یەکەم جارە دێتە عیراق، ئەمەش مایەی خۆشی و شانازیە بۆ گەلانی عیراق و هەرێم، دوای تێپەڕبوونی عیراق بەکۆمەڵێک پشێوی و ناخۆشی و شەڕ و تووندوتیژی لەدوای داعش، کە خەڵک دەربەدەر و ماڵوێران بوو بەتایبەت بەسەر مەسیحیەکان و ئێزیدیەکان کەماڵیان بەجێهێشت، لەگەڵ ئەو دۆخە نەخوازراوانە پاپا دێت و پەیامی ئاشتی لەگەڵ خۆی دێنێت، ئومێد دەکەین لەکوردستان پێشوازیەکی شاهانەی لێبکرێت.

دەشڵێت، جگە لەپەیامی ئاشتی بۆ عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێ چەپکە گوڵی پێکەوە ژیان بمێنێت دوور لەتوندووتیژی و کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، چونکە داعش ژەهرێکی بڵاوکردەوە پاپا پەیامێک دەداتە بەرپرسان بەتایبەت کۆبوونەوەی لەگەڵ سیستانی کە پێویستە پیاوانی ئایینی کاربکەن بۆ ژیانێکی ئارام و پێکەوە ژیان و لێبوردەیی.

سەبارەت بەسەردانی بۆ شاری مێژووی ئوور ئەو نووسەرە ڕوونی دەکاتەوە، شارێکە هی سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیمە و لای هەموو ئاینەکان و نەتەوەکان پیرۆزە سەردانی کرد، سەردانی چەندین شوێنی تریش دەکات لەهەرێم و مووسڵ کە لەسەردەمی داعش وێرانکاری زۆری تێداکردووە، پاپا پەیامی بۆ بەرپرسان خزمەتکردنی خەڵکە نەوەک بۆ تاڵان و دزین و گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەرێمی کوردستان سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، لەبەر ئەوەی پاپا سەردانی هەرێم دەکات وەک وڵاتێک کە کورد نەتەوەیەکە مافی خۆیەتی، چونکە کوردیش هاوشێوەی مەسیحیەکان و پێکهاتەکانی تر ئاوارە و پەرتەوازە کراوە لەسەردەمەکانی پێشوو، دەشبێت هیوامان هەبێت لەبەر ئەوەی لەکوی ٢٠٠ وڵات پاپا پەیوەندی لەگەڵ ١٧٤ وڵات هەیە بۆ دواڕۆژ ببێتە مایەی سەربەخۆیی بۆ کوردستان، لۆبی دروست بکەین و کاریگەری سیاسی و دیبلوماسی و رووحی هەبێت و پەیوەندیەکان پتەوبکەین تا کورد دەگاتە مافی چارەی خۆنوسین.

جەمیل عیسا، باسی لەوەشکرد، پاپا هەست دەکات گەلانی عیراق تووشی هەژاری و مەینەتی و بێکاری و خوێن ڕشتنی زۆر بووە شیعە لەگەڵ سوونە پێکنایەت یان پێکهاتەکان لەسەر ناو یەکتر دەکوژن یان ئاین و نەتەوە بەهیواین بەپێی دەستوور مافی هاوڵاتی بەدادپەروەری بدرێت، هەرچەندە لەهەرێمی کوردستان ئەو بابەتە نیە، بەڵام جارجار دەنگی نەشاز دروست دەبێت لەدژی پاپا و مەسیحیەکان ئەمەش ژەهرێکی خراپە پێویستی بەبەخۆداچوونەوە هەیە.

داواش لەحکومەتی هەرێم دەکات موڵک و ماڵی مەسیحیەکان کە لەلایەن خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە بۆیان بگەڕێنێتەوە، چونکە حکومەت لەژیان و سەروماڵی هاوڵاتیان بەرپرسیارە، لەکاتێکدا عیراق لەسەر بەحرێکی دەوڵەمەندە کەچی خەڵکەکەی لەژیانێکی ناخۆش دەژین، ناکرێت دەست بۆ مووچە و گوزەرانی هاوڵاتیان ببرێت و لەسەرجەم سێکتەرەکانیش خزمەتی هاوڵاتیان بکرێت.