سەردێر

دانیشتووانی شەنگال پێویستیان بە بەهاناوەچوون هەیە

خەڵك-

سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەڵێنی زیاتر دەدات بە ئاوارەكانی شەنگال، بەڵام یەك كارتۆن مادەی خۆراكیشی بۆ نەناردوون.
دوای هاتنی داعش، دۆخی شەنگال و ئێدزییەكان ڕووی لە خراپی كرد، بەڵام دوای كەمبوونەوەی ئەو چەكدارانەش، هێشتا دۆخی ناوچەكەیان ئاسایی نەكراوەتەوە و دوای داعشیش، ژمارەیەك هێزی چەكدار لە ناوچەكە سەرقاڵی ململانێی سیاسین و ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی شەنگال.

ڕەنا حەسەن سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، خەڵكی شەنگال زۆر دەترسێت لەم دۆخە، هەرێمی كوردستان ڕێگایان داوە ئاوارەكان بگەڕێنەوە، بەڵام دوای گەڕاونەوەیان بۆ شەنگاڵ دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ دهۆك، چونكە هیچ لایەنێك قەرەبووی نەكردوونەتەوە.

وتیشی”ئاوارەكان هیچ پاڵپشتییەكیان نەكراوە و خزمەتگەزاریان نییە و تاكو ئێستا ناحیەی قەحتانیە زیاد لە 400 خێزانی تێدایە بەڵام تا ئێستا كارەبایان نییە”.
ئاشكراشیكرد، ڕۆژانە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەڵێنی زیاتر دەدات، بەڵام یەك كارتۆن مادەی خۆراكیشی بۆ نەناردوون.
ڕوونیشیكردەوە، هەموو پاڵپشتییەكی ئاوارەكانی كەمپەكان دەكرێت، بەڵام ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ شەنگال هیچ خزمەتگوزارییەكی نییە، ئەگەر پاڵپشتییەك هەبێت بە دەستپێشخەری نادیە موراد و ڕێكخراوی “یو ئێن” دەكرێت، بەڵام وەكو حكومەت و وەزارەتی كۆچ هیچ شتێكیان بۆ نەكردوون.

حەشدی شەعبی زیاد لە 5 هەزار چەكداری بردووەتە ناوچەكە و هاوكات هێزەكانی پەكەكەش لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە و بوونەتە هەڕەشە لەسەر دانیشتوانی ناوچەكە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق پێویستە هیچ هێزێكی چەكدار لە شەنگال بوونی نەبێت، بەڵام ڕێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت.