سەردێر

پاپا گەیشتە هەرێمی كوردستان

خەڵك-

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی فەڕمی گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و گەورە بەرپرسانی دیكەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێر پێشوازی لێكرا.

بەپێی زانیارییەكان، ئێستا پاپای ڤاتیكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەدایەو هاوكات لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

هەر بە پێی زانیارییەكان، بڕیارە لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری بەشداری كۆبوونەوەیەكی جەماوەری مەسیحییەكان بكات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی پاپا بە سەردانێكی مێژووی گەیشتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە و دوێنێش پاپا سەردانی شاری نەجەفی كرد و لەگەڵ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان كۆبووەوە و دواتر سەردانی پارێزگای زیقاری كرد و شاری ئووری مێژووی بەسەركردەوە.

سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و بەسەركردنەوەی مەسیحییەكانی عێراقە، دوای ئەوەی مەسیحییەكان لەدوای 2003وە ڕووبەڕووی شەپۆلێكی توندوتیژی و كۆچكردنی ناچاری بوونەتەوە.