سەردێر

لەبارەی‌ گۆشتی سەرشەقامەكان هۆشداری دەدرێت

خەڵك
نوێنەری ڤێنێرنەری سلێمانی لەلیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو گۆشتەی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێت پشكنینی بۆ نەكراوە و شیاوی خواردن نییە.

كامەران عیزەت، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و سەرۆكی لیژنەی دووی لیژنە‌ هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بە‌هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە دوو ڕۆژی ڕابردودا لیژنەكە‌ لە ‌ناوچەی تانجەرۆ و گەڕەكی هەواری شاری سلێمانی دەستیان بەسەر هەشت ئاژەڵدا گرتوە كە بە ‌شێوەیەكی نایاسایی و دور لە ڕێنماییەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستی سەردەبڕێن و لەسەر شەقامەكان بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

ئەوەشی وتووە، ئەو ئاژەڵانەی لە كۆڵان و شەقامەكان سەردەبڕێن، پشكنینیان بۆ نەكراوە و مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری تێدا نییە و گۆشتەكەش شیاوی خواردن نییە.

سەبارەت بە كوشتارگەكان كامەران عزەت دەڵێت، لەو كوشتارگانەی لەلایەن دكتۆر و كەسانی شارەزای بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانییەوە‌ سەرپەرشتی دەكرێن، پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، پشكنین بۆ ئاژەڵەكان ئەنجام دەدەن تا بزانرێت ئاژەڵەكە بۆ سەربڕین شیاوە، دواتریش بۆ دڵنیابونەوە لە تەندروستی گۆشتەكە بۆ خواردن، پشكنینێكی دیكە بۆ گۆشتەكە دەكرێتەوە.

كامەران عزەت، داواش لە هاوڵاتیان دەكات، بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و خێزانەكانیان ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن لە شەقام و كۆڵانەكان بەدەر لە رێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری سەردەبڕێن و دەفرۆشرێن، لەكاتی هەبونیشیدا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە.