سەردێر

“بەكارهێنانی ڤاكسین ناچاری نییە و بەخواستی خۆتە”

خەڵك-ئارام سەردار
سەرۆكی لیژنەی زانستی دابینكردنی ڤاكسین لە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ هیچ كارمەندێك و هاووڵاتیان ناچاری نیە، بەڵكو بەخواستی خۆیانە، د.ئارام ڕۆستەم بەتۆڕی میدیایی (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەو ڤاكسینەی خۆمان دابینی بكەین جگە لەو پشكەی لەعیراق بۆمان دێت، بڕەكەی نزیكەی ٢ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار ژەمە و بەشی ملیۆنێك و ٢٣٤ هەزار و ٥٠٠ كەس دەكات.

خەڵك: ئەو ڤاكسینەی چین، بەشی كارمەندان دەكات؟
د.ئارام ڕۆستەم: ڤاكسینی ساینۆفاڕمای چینی یەكەم قۆناغی گەیشتنی ڤاكسین بوو لەو ٥ هەزار ڤاكسینەش هەزار دانەیان بۆ كارمەندانی كونسوڵخانەی وڵاتی چین بوو، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان بوو، كە هەر كەسێك پێویستە دوو ژەم ڤاكسینەكە وەربگرێت، بەمەش ٢ هەر كەس ڤاكسینەكە وەردەگرن، بۆیە ئەو ڤاكسینەی هاتووە بڕێكی زۆر كەمە و بەشی تیمە پزیشكیەكانیش ناكات، بەڵام پێویست بەنیگەرانی ناكات و هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەهەوڵێكی زۆرداین تاوەكو بتوانین ئێمە لەوڵاتانی تر زیاتر ڤاكسین بەكاربهێنین.

خەڵك: چۆن دابەشدەكرێت و بەكاردەهێنرێت؟
د.ئارام ڕۆستەم: دابەشدەكرێت بەسەر سەنتەرەكانی كۆڕۆنا لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان، بۆ ئەو تیمانەی لەڕێزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەكەن، بڕیاریشە لەماوەیەكی نزیك بڕێكی زیاتر ڤاكسین بگاتە هەرێمی كوردستان ئەمەش دوای ئەوەی ملیۆنێك و ٧٢٥ هەزار ڤاكسین دەگاتە عیراق پشكی هەرێمیش لەمە نزیكەی ٢٠٠ هەزار ژەم دەبێت بەپێی ڕێكارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتان گرتویانەتە بەر ڤاكسینەكە سەرەتا ئەو كارمەندانە دەگرێتەوە كەتەمەنیان لەسەرووی ٥٠ ساڵە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، پاشان كارمەندانی تر و هێزەكانی ناوخۆ و گرتووخانەكان و ئەو هاوڵاتیانەی نەخۆشی تریان هەیە.

خەڵك: بەكارهێنانی ڤاكسین ناچاریە بۆ كارمەندان و هاووڵاتیان؟
د.ئارام ڕۆستەم: بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ هیچ كارمەندێك و هاوڵاتیان ناچاری نیە بەڵكو بەخواستی خۆیانە، ئەوەشی باسكراوە ڤاكسینەكان كاریگەری لاوەكیان هەیە هیچی ڕاست نیە، ڤاكسین وەك هەر دەرمانێكە، جگە لەئاو هەموو شتێك ڕەنگە كاریگەری لاوەكی خۆی هەبێت.

خەڵك: وەك هەرێمی كوردستان، بڕی چەند ڤاكسین دەكڕن؟
د.ئارام ڕۆستەم: كۆبوونەوەمان كردوە لەگەڵ كۆمپانیا ڤایزەربایۆنێتیك كردوە هەروەها لەگەڵ ئەسترازینكا كۆبووەمان كردوە ئاڕت فاڕما كە كۆمپانیایەكی بەڕیتانیە لەڕووسیا ڤاكسینەكە بەرهەم دێنێت لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڤاكسینەكەی ڕەزامەندی لەسەردراوە و پەسەندكراوە، چەند دیكۆمنێتێك ئاڵوگۆڕكراوە ماوە ئیمزای كۆتایی بكەین بۆ ئەوەی ناومان بچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی ڤاكسینیان بۆ دێتن، هەرچەندە ئیمزای دیكۆمنێتەكان بكەین زووتر ڤاكسینەكەمان بۆ دێتن، كە بڕەكەی نزیكەی ٢ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار ژەمە بەشی ملیۆنێك و ٢٣٤ هەزار و ٥٠٠ كەس دەكات.

خەڵك: جیاوازی ڤاكسینەكان چیە؟
د.ئارام ڕۆستەم: هەر ڤاكسینێك كە پەسەندكراوە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی واتە ڤاكسینەكە چاڵاكە و كاردەكات بەڕێژەی جیاواز، چونكە جۆرەكانی ڤاكسین جیاوازن، جۆری ڤاكسینی فایزەر زۆر گرانترە لە جۆری ئەسترازێنكا وساینۆفاڕما و مۆدێرنا و جۆنسن ئایجۆنسۆن، چونكە كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی ڤاكسین زۆرن و ئەو توێژینەوانەشی كراون توێژینەوەی سەرەتایین و پێمان دەڵێت ڕەنگە هەندێكیان كاریگەریان زیاتر بێت وەك هەر دەرمانێك، بەڵام ئێمە ئەو ڤاكسینانەی دەیانكڕین كەمترین كاریگەری لاوەكیان هەبێت و كوالێتی باش بێت، گواستنەوە و بەكارهێنانی ئاسان بێت، لیژنەكەشمان زۆر كۆكە لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەسترازێنكا، چەندین كۆبوونەوەشمان كردوە پێشمان وایە لەم نزیكانە لەگەڵیان دەگەینە ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی ئەو ڤاكسینەی خۆمان دابینی دەكەین جگە لەوەی عیراق لە٢٠٪ی دانیشتوانی خۆمان بكوتین ئەوبەشەی عیراقیش دەینرێت بۆ بەشێكی تری هاوڵاتیان بەكاری بێنین كە ئەویش دەكاتە لە ٢٠٪ بەم شێوەیە كوتانی هاوڵاتیانمان لەهەرێمی كوردستان لە ٤٠٪ زیاتر دەبێت، ئەمەش خەمخۆری وەزارەتی تەندروستی دەردەخات.