سەردێر

نوێترین زانیاری لەسەر دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران

خەڵك-

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی بڕیار لەسەر لابردن یان هێشتنەوەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەدات.

هەرچەندە نرخی نەوت بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەرزبۆتەوە و هاوكات بەهای دۆلاری ئەمریكیش بەرزبۆتەوە، ئەمەش وایكردووە داهاتی هەرێم زیاد بكات، بەڵام تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین نەداوە.

بەپێی زانیارییەكان، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 480 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بەو پێیەی ئێستا نرخی نەوت 70 دۆلارە، بەڵام ئەگەر هەرێم بە 55 دۆلار نەوتەكەی بفرۆشێت، ئەوا مانگانە ترلیۆنێك و 148 ملیار دیناری دەست دەكەوێت.

هاوكات وەك بەرپرسانی هەرێم چەند جارێك باسیان كردووە، هەرێمی كوردستان مانگانە 300 ملیار داهاتی ناوخۆی دەست دەكەوێت، بەو شێوەیە داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان دەگاتە ترلیۆنێك و 448 ملیار دینار، ئەمەش لەكاتێكدایە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بە 850 ملیار دینارە بەبێ لێبڕین، كەواتە حكومەت دەتوانێت بە بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات.

دوای دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بڕی 598 ملیار دینار لە داهاتی هەرێم دەمێنێتەوە، دەكرێت لەو بڕە تێچووی بەرهەمە نەوتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان بدرێت.

لای خۆشیەوە، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا وەزارەتی دارایی هیچ شتێكیان ڕانەگەیاندووە، چونكە زانیاری مووچە لای ئەوانە و تاكو ئێستا دەرنەكەوتووە بۆ ئەم مانگە لێبڕین چۆن دەبێت.

وتیشی، “ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی مووچە”.

پێشتریش، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمان بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كە وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەیەك لە پەڕلەمان پێی وتوون، هەموو مانگێك لە 25ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن و هیچ كاتێكیش لە 21% لێبڕین زیاتر ناكرێت و بەپێی داهاتی بەردەست هەوڵی كەم كردنەوەی دەدەن.