سەردێر

شەوی ئیسڕا و میعراج و فەرزبوونی نوێژ دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی گەورن و بە موعجیزەی گەورەی مرۆڤایەتی ناسراوە، كە لە یەك شەودا بە سەر محەمەد (د.خ) پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتوون و تێیدا محەمەد لە مەككەوە ڕۆشتوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) و لەوێوە بۆ ئاسمانەكان و دواتر گفتوگۆی لەگەڵ خوای گەورە ئەنجامدا و نوێژ فەرز كرا.

بەپێی ڕۆژمێری (سعودیە)، شەوی پێنج شەممە، شەوی 11 لەسەر 12ی ئازاری 2021 بەرامبەرە بە شەوی 27ی ڕەجەب-ی 1442ی كۆچی، كە لەو شەوەدا و بە ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (كۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە) موعجیزەی (ئیسڕا و میعراج) ڕوویدا.

لای خۆشیەوە، مەلا موسلم مەلا صاڵح فریزی، وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی كەسنەزان لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، شەوی پێنج شەممە بەپێی رۆژمێری كۆچی دەكاتە 27ی ڕەجەب و یادی ئیسڕا و میعراجە.

ئیسرا:
ئیسرا بریتیە لە سەفەری شەوانەی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ لە مەككەوە بۆ قودس. ئەم گوێزانەوەیە لە قورئاندا لە سورەتی (ئیسرا)دا باسی لێ كراوە.
بەشێك دەقی ئایەتەكە بە كوردی ئەمەیە. “پاك و بێسووچە ئەو كەسەی، كە بەندەكەی خۆی بە ئەسرا لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە برد بۆ مزگەوتی ئەقسا، كە دەورەكەیمان پیرۆز كردوە، تا ھێندێك لە نیشانەكانی خۆمانی پێ پیشان بدەین”.

میعراج:
میعراج بریتییە لە بەرزبوونەوەی محەمەد ﷺ بەرەو ئاسمانەكان لەگەڵ جوبرەئیلدا، پێغەمبەر ﷺ لەم سەفەرەدا لەگەڵ خودادا گفتوگۆی كرد و چاوی بە كۆمەڵێك لە پێغەمبەران و فریشتەكان كەوت. باسی میعراج لە قورئاندا نەھاتووە و لە فەرموودەوە وەرگیراوە.