سەردێر

حاكم شێخ لەتیف : لە هەرێم یەك دەسەڵاتی دەوڵەت نییە

سلێمانی ـ نزار جەزا
حاكم شێخ لەتیف ڕایدەگەیەنێت، لەهەرێمی كوردستان یەك دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، بەڵكو لەهەرێم دوو دەسەڵاتی سەربەخۆ هەیە، كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوەیە

ئەمڕۆ شەممە دیداری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، كە تێیدا چەند پانێڵێك بەبەشداری ژمارەیەك كەسی پسپۆڕ و سیاسی بەڕێوەچوو.

حاكم شێخ لەتیف، كە دكتۆرای لەیاسادا هەیە لەو دیدارەدا ڕایگەیاند، كە دەستوورێكی مەدەنی هەبێت و دەسەڵاتەكان جیاكرابنەوە و پلەبەندی لەیاساكاندا هەبێت و چاودێری دادوەری هەبێت، ئەمانە گرەنتی سەروەری یاسایە، هەروەها بوونی چالاكوانان و میدیا گرەنتییە سیاسییەكانە بۆ سەروەری یاسا.

ئاماژەی بەئەوەشدا، كاتێك ئەو گرەنتییانە هەبوو كەس ناتوانێت لێی لابدات و یاسا سەروەر دەبێت، بەڵام كاتێك گرەنتی نەبوو یاساش سەروەرنابێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەهەرێمی كوردستان یەك دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، بەڵكو لەهەرێم دوو دەسەڵاتی سەربەخۆ هەیە، كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوەیە.

وتیشی، “لەهەرێمی كوردستان تاكو ئێستا نەچوینەتە ناو قۆناغی دەوڵەتەوە، واتە دەسەڵاتی دەوڵەتمان نییە”.

باسی لەئەوەشكرد، نەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و نەبوونی دادپەروەری لەبەردەم یاسا و نەبوونی عەقڵی شۆڕشگێڕی و ئایدۆلۆژیەت، هۆكاری سەرەكین، بۆئەوەی یاسا سەروەرنەبێت.