سەردێر

وەزیری پەروەردە سەرمووچەی مامۆستایان پێشدەخات

خەڵك-تەنیا هەورامی

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی ئەوەی بە مامۆستایاندا، پاش كۆتایهاتنی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی ڕێز و سوپاسی وەزارەت دەدات بە هەر یەك لە لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەكان، لیژنەی ئەزموونە گشتییەكانی بەڕێوبەرایەتیە گشتییەكان، لیژنەی ئەزموونە گشتییەكانی پەروەردەی قەزاكان، لیژنەی كارای ئەزموونە گشتییەكان، هەروەها سەرجەم ئەو سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێر و كارمەندانەی كە بەشدارن لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هۆڵەكانی ئەزموونە گشتییەكان خولی یەكەم بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی و هەروەها یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران، پێدانی ڕێز و سوپاس لەلایەن وەزیر یان بەڕێوەبەری دەسەڵاتپێدراو بە فەرمانبەر و مامۆستا دەبێتە هۆی پێشخستنی سەرمووچەی ساڵانە بۆ ماوەی یەك مانگ.

بەپێی بەدواداچوونێكی (تۆڕی میدیایی خەڵك) ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكو ئێستا ئەو بەڵێنەی نەبردۆتەسەر و هیچ سوپاسێكیشی ئاڕاستەی ئەو كەسانەی بەشداری تاقیكردنەوەكان بوون نەكردووە.

لای خۆشییەوە بریكاری وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە، لەبەرئەوەی وەزیری پەروەردە خۆی بەڵێنی داوە بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێز و سوپاسە هەر دەدرێت.

د.سەیوان عەلی، بریكاری وەزیری پەروەردە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەوانەیە لەبەر بوونی كەرەنتینە و نەبوونی دەوامەوە ئەو ڕێزە دواكەوتبێت، ئەگەرنا مادام بڕیاری لەسەر درابێت و و بەڵێن درابێت و فەرمانی دەركردبێت بە دڵنیاییەوە ڕێز و سوپاسەكە دەدرێت.