سەردێر

سەركردایەتییەكی یەكێتی: دەسەڵاتی دادوەری بە ئاڕاستەی دوولەتبوون دەڕوات

سلێمانی ـ نزار جەزا
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی ناوەندی كاروباری یاسایی ئەو حزبە ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتی دادوەری بێهەڵوێست بووە و نەیتوانیوە دەسەڵاتی ئەنجامدانی چاكسازی بەكارنەهێناوە.

ئەمڕۆ شەممە، دیداری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، كە تێیدا چەند پانێڵێك بەبەشداری ژمارەیەك كەسی پسپۆڕ و سیاسی بەڕێوەچوو.

تەلار لەتیف، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەپانێڵێكدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری، كە پێویستە چاكسازی بكات و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، بەڵام تاكو ئێستا لەئاستی ئەو هەموو نادادییە بێدەنگە و نەیانتوانیوە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بەكاریبهێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە هیچ كاتێك هەڵوێستی جدیی نەبووە و ئێستا بەئاڕاستەی دوولەتبوونی دەسەڵاتی دادوەری دەڕوات.

باسی لەئەوەشكرد، كاتێك دەسەڵاتی دادوەری لەناوخۆیدا نەتوانێ چاكسازی بكات، چۆن چاوەڕێدەكرێت چاكسازی لەهەرێم بكات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، متمانەنەبوونی هاووڵاتییان ‌بەدادگاكان زەنگێكی مەترسیدارە بۆ ئێستا و داهاتوو.

وتیشی، “پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبێت، بەڵام بەداخەوە زۆرترین دەستتێوەردان هەبووە، تەنانەت دۆسیە كەسییەكانیش دەستتێوەردانی تێدایە، بەتایبەت لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا”.