سەردێر

دەست بەسەر بڕێك گۆشتی سەر شەقامەكان دەگیرێت

خەڵك-

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و سەرۆكی لیژنەی دوی سەر لیژنە‌ هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو گۆشتەی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێت پشكنینی بۆ نەكراوە و شیاوی خواردن نییە‌.

كامەران عیزەت نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و سەرۆكی لیژنەی دووی سەر لیژنە‌ هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەكە‌ لە ‌ناوچەی تانجەرۆ و گەڕەكی هەواری شاری سلێمانی دەستیان بەسەر هەشت ئاژەڵدا گرتووە كە بە‌شێوەیەكی نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستی سەردەبڕێن لەسەر شەقامەكان بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.

وتیشی، “ئەو ئاژەڵانەی لە كۆڵان و شەقامەكان سەردەبڕرێن، پشكنینیان بۆ نەكراوە و شوێنی فرۆشتنی مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری تێدا نییە و گۆشتەكەش شیاوی خواردن نییە”.

ئاشكراشیكرد، ئەو كوشتارگانەی لەلایەن دكتۆر و كەسانی شارەزای بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانییەوە‌ سەرپەرشتی دەكرێن، پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، پشكنین بۆ ئاژەڵەكان ئەنجام دەدەن تاكو بزانرێت ئاژەڵەكە بۆ سەربڕین شیاوە، دواتریش بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی گۆشتەكە بۆ خواردن، پشكنینێكی دیكە بۆ گۆشتەكە دەكرێتەوە.
ڕوونیشیكردەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەكەم، بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و خێزانەكانیان ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن لە شەقام و كۆڵانەكان بەدەر لە رێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری سەردەبڕرێن و دەفرۆشرێن، لەكاتی هەبوونیدا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە.