سەردێر

سیستانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا بڵاوكردەوە

خەڵك-
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق وردەكاری كۆبوونەوەی نێوان سیستانی و پاپا فڕانسیس، پاپای ڤاتیكان-ی بڵاوكردەوە و جەختی كردەوە، كە پێویستە كرستیانەكان هاوشانی ئێمە بە ئاشتیانە بژین.

نووسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ پاپا فڕانسیس، پاپای كەنیسەی كاسۆلیكی و سەرۆكی دەوڵەتی ڤاتیكان گفتوگۆ كرا لەسەر ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایتی بوونەوە لەم چەرخەدا و ڕۆڵی ئیمان بە خوای گەورە و پەیامەكەی و پابەندییەكان بە بەها و ڕەوشتی باڵا بۆ سەركەوتن بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.

ڕاشیگەیاندووە، سیستانی باسی ئەو ستەم و زۆرداری و هەژاری و چەوساندنەوە ئایینی و نەژادی و داپڵۆسینی ئازادییە سیاسی و نەبوونی دادگەری كۆمەڵایەتییەی كردووە، كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە بەتایبەتی ژمارەیەك لە خەڵكی وڵاتانی ناوچەكە لە جەنگ و كاری توندوتیژی و گەمارۆی ئابووری و پڕۆسەی كۆچدا پێوەی دەناڵێنن.

سیستانی داواشی لە پاپا كردووە هەستێ‌ بە ڕابەرایەتی ئایینی و ڕۆحی خۆی بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو كارەساتانە و لەگەڵ وڵاتانی زلهێز گفتوگۆ بكرێت بۆ سەرخستنی زمانی عەقڵ و حیكمەت لەبری زمانی جەنگ و ڕێگە نەدرێت بە پاوانخوازی زیاتری بەرژەوەندییەكانیان لەسەر حسابی مافەكانی خەڵك.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “جەخت كراوەتەوە لەسەر زیادكردنی هەوڵەكان بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە و مرۆڤایەتی لە هەموو كۆمەڵگەكان و هەروەها پاراستن و ڕێزگرتنی مافەكانی سەرجەم ئایین و ئاڕاستە جیاوازەكان”.