سەردێر

نرخی ئاڵتون زۆرترین دابەزینی تۆماركرد

خەڵك-
بەهۆی پەسەندكردنی هاوكاری دارایی لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بۆ گەشەپێدانی ئابوری و دابەزینی بەهای دۆلار نرخی ئاڵتون ڕۆژ بەڕۆژ ڕووی لە دابەزینە و بەهای یەك ئۆنس گەیشتە 1700 دۆلار و شارەزایەكی كاروباری زێڕیش دەڵێت: “زیاتریش دادەبەزێت”.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕەنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێكە پاكێجی 1.9 ترلیۆن دۆلار لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بۆ بووژانەوەی ئابووری و كەمكردنەوەی بێكاری پەسەند كراوە، بەڵام چونکە تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە کاریگەری وای نەبووە و لەوانەیە تا کۆتایی مانگی 3 نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ڕاشیگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهای زێڕ ڕووی لە دابەزین كردووە و بەیانی ئەمڕۆ بەهای یەك ئۆنس زێڕ دابەزی بۆ 1700 دۆلار و پێدەچێت بەهاكەی زیاتر دابەزێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهای یەك مسقاڵ ئاڵتونی عەیارە 21 بووە بە 349 هەزار دینار و هەروەها عەیارە 18 بە 299 هەزار دینارە.