سەردێر

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە پاپا كرد

خەڵك
ئەمڕۆ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

لە ڕێو ڕەسمێكدا لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەكی دیكەی بەرپرسانی عێراق و جەماوەرێكی زۆری مەسیحییەكانەوە پێشوازی لێكرا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە لە كۆشكی بەغداد ئەنجامدرا، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وتی، پاپا ڕۆڵیێكی گەورەی هەیە لە بانگەواز بۆ ئاشتی، دادپەروەری كۆمەڵایەتی، رووبەڕووبوونەوەی هەژاری.

وتیشی، هەلومەرجی ژیان لەژێر هەڕەشەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا دووپاتی ئەو ڕاستییە دەكاتەوە كە جیهان پێوستی بەئاشتی و هەماهەنگیی و دەسگیرۆیی یەكتری هەیە.

لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا قەداسەتی پاپا فرانسیس، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانیكردنی عێراق و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە پشتیوانی تەواو بكەن لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق.