سەردێر

پاپا گەیشتە بەغدا

خەڵك-

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ژمارەیەكی دیكەی بەرپرسانی عێراق و جەماوەرێكی زۆری مەسیحییەكانەوە پێشوازی لێكرا.

بڕیارە دوای گەیشتنی بە بەغدا پاپا سەردانی كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بكات و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقدا كۆببێتەوە و هاوكات لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش كۆدەبێتەوە.

بڕیارە پاپا سەردانی شاری نەجەف بكات و لەوێ سەردانی شوێنەواری شاری ئور بكات.

هاوكات پاپا ماوەی 3 رۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە و دواتر سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات.

لە بەغدا رێوشوێنێكی ئەمنی توند گیراوەتەبەر و هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان پێكراوە، هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق چاوەدێری ئاسمانی عێراق دەكەن لە كاتی گەیشتنی فڕۆكەكەی پاپا و نیشتنەوەی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

شێخی زانكۆی ئەزهەر لە میسر لەبارەی سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق دەڵێت: ئەو سەردانە هەڵگری پەیامی ئاشتی و یەكڕیزییە.
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە تویتێكیدا لە تویتەر نووسی كە ئەمڕۆ‌ بەرەو عیراق بەڕێدەكەوێت.

پاپا دەڵێت: بەرەو عیراق بەڕێدەكەوم لە گەشتێك كە سێ‌ ڕۆژ دەخایەنێت، دەمێكە خواستم بوو چاوم بەو گەلە بكەوێت كە چەرمەسەری زۆری بەسەرداهات.

پاپای ڤاتیكان دەڵێت: داواكارم بە نوێژ هاوشانم بن لەو سەردانە، تا بە باشترین شێوە ئەنجام بدرێت و ئاكامی چاوەڕوانكراوی هەبێت.

هاوكات لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازی كردن لە پاپا و لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند، تەواوی ئامادەكارییەكانی ئەنجامداوە بۆ پێشوازی لە پاپا فرانسیس.

ئەم سەردانە لە حاڵێكدایە كە چەندین هێرشی تیرۆرستی و مووشەكی لەلایەن گروپە تیرۆرستییە توندڕۆكانی داعش و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێرانەوە لە هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق ئەنجامدراون.

دەنگوباس هەبوو كە پاپا سەردانەكەی بۆ عێراق دوابخات بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنییەوە، بەڵام لە لێدوانەكانیدا پاپا سوور بوو لەسەر سەردانەكەی بۆ عێراق.

ئامانج لە سەردانە مێژووییەكەی پاپا بۆ عێراق دووپاتكردنەوەی پێكەوە ژیان و ئاشتییە، وێڕای بەسەركردنەوەی مەسیحییەكانی عێراق كە لە دوای 2003وە دووچاری دەردەسەری زۆر بوونەتەوە و زۆرێكیان عێراقیان جێهێشتووە.