سەردێر

جموجۆڵێكی پەرلەمانی بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار دەستیپێكردووە

خەڵك-
حەسەن خەڵاتی ئەندامی پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بە بوونی جموجۆڵێك دەكات لەنێو پەرلەمان بۆ‌و گۆڕینی نرخی خەرجی دۆلار و كەمكردنەوەی.


خەڵاتی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئاراستەیەكی پەرلەمانی ئاشكرا هەیە بۆ پشتبەستن بە نرخێكی نوێی خەرجی دۆلار كە نزیك بێت لەوەی لەلایەن حكومەتەوە پێشتر دانراوە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی تاكی عیراقیدایە”.

بە وتەی خەڵاتی”دیاریكردنی نرخی خەرجی دۆلار لەنێوان 1300-1355 دینار، داواكاریی فراكسیۆنە سیاسییەكانە لەئێستادا، تا ببێتە چارەسەرێكی مامناوەند لەنێوان ئەو نرخەی حكومەت دایناوە لەگەڵ داواكاریی توێژەكانی كۆمەڵگە كە دەیانەوێت بگەڕێتەوە بۆ نرخە كۆنەكەی”.

پێشتر، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”نرخی خەرجی دۆلار، بڕیارێكی حكومەتە و ناكرێت ڕۆژانە لە سەر خواستەكان بگۆڕدرێت، لەئێستاشدا بازاڕەكان نرخە نوێیەكەیان قبوڵ كردووە، ئەمەش لە دوو ساڵی داهاتوودا هاندەر دەبێت بۆ كەرتی تایبەت و یەدەگی داراییش بەهێز دەكات”.

دوێنێ‌ چوار شەممە، حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە میانی سەرۆكایەتی بۆ دانیشتنی پەرلەمان ڕایگەیاند”بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار، كاریگەریی نەرێنی زۆر گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتی عیراقی دروستكردووە”.
بە وتەی كەعبی”بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار، كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و سەقامگیریی ئابوری هەیە بەشێوەیەكی گشتی”.
جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بەپێویستی زانیبوو” هەڵوێستێكی ڕاستەقینە و بەپەلە لەلایەن هەموو ئەندامانی پەرلەمان و لیژنەی داراییەوە بگیرێتەبەر، تا بگەڕێنەوە بۆ نرخەكەی پێشووی”.