سەردێر

تاوانێك هەموو توركیای هەژاند

خەڵك-
پیاوێكی توركی 20 گولـلە بە كچەكەیەوە دەنێت و دەبێتە مایەی كوژرانی، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەتیدەكاتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی دایكی بە باوكی بڵێت.

بەپێی میدیاكان، مستەفا عەلی یەڵمازی تەمەن 69 ساڵ، خۆی بە ئۆتۆمبێلی كچەكەیدا كێشاوە و پاشان لەنێو ئۆتۆمبێلەكە دەریكردووە و داوای لێكردووە شوێنی نیشتەجێبوونی دایكی پێبڵێت كە ژنی پێشووی بووە.

كاتێكیش كچەكەی (گوڵنور یەڵماز 28 ساڵ) كە پزیشكی گشتی بوو، ڕەتیكردۆتەوە وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە، باوكی 20 گولـلەی پێوەناوە و 11یان بەر سەری كەوتووە و بۆتە مایەی كوژرانی.

باوكەكە لە شوێنی ڕووداوەكە هەڵاتووە، بەڵام بەخێرایی پۆلیس دەستگیری كرد و بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی كوشتن تۆمەتباركرا كە سزاكەی زیندانی تاهەتاییە.

لە كاتی دادگاییەكەدا، یەڵماز باسی لەوەكردووە كە كێشەی عەقڵی هەیە، دادگاكەش بڕیاری سزاكەی دواخست، تا بزانێت ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دەرونی تۆمەتبارەكە چی دەبێت.