سەردێر

داوا دەكرێت مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن

مەترسی داخستنی دەرگای خوێندگەكان هەیە

خەڵك
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت جارێكی دیكە مەترسی ئەوە هەیە پرۆسەی خوێندن ڕابگیرێت و دەشڵێت داوامان كردووە لە دوای كارمەندانی تەندروستی مامۆستایان ڤاكسین وەر بگرن.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەر بڕیارێك لەلایەن لیژنەی باڵاوە بدرێت كە ژیانی مامۆستایان و خوێندكاران دەپارێزێت ئێمە پشتگیری لێدەكەین ئەگەر هاتوو ئامارەكان بەرز ببنەوە بەتایبەت كۆرۆنای گۆڕاو هەر پابەند دەبین بە بڕیارەكان چونكە ئێمە ژیانی خوێندكاران و مامۆستایانمان لا گرنگترە لە بەردەوام بوونی خوێندن.

وتیشی، مەترسی دووبارە داخستنی هۆڵەكانی خوێندن هەیە لەبەر ئەوەی ئامارەكانی كۆرۆنا لە بەرز بوونەوەدان بەڵام خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ‌ ڕێژەكەی كەمترە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە سەردانی وەزارەتی تەندروستیمان كردووە و داوامان كردووە لەدوای كارمەندانی تەندروستی مامۆستایان سود مەند ببن لەوەرگرتنی ڤاكسین لە پێناو بەردەوامی پرۆسەی خوێندن.

دەشڵێت، ئەمساڵی خوێندن بە هیچ شێوەیەك نافەوتێت ئەگەر دەرگای خوێندنگەكانیش دابخرێت پێویستە خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام بێت و پێویستە هەموو لایەك مامۆستا و خوێندكار و كەس و كاریان‌و وەزارەتی پەروەردە ‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن پشتگیری سیستەمی ئۆنلاین بكەین و زیاتر ئاشنابین پێی .

وتیشی: هەموومان دەزانین كەم و كورتی هەیە لەڕووی پێداویستی خوێندنەوە بەڵام لەوە باشترە ژیانی خوێندكار و مامۆستایان بخرێتە مردن.