سەردێر

“داهاتی فرۆشتنی نەوت ترلیۆنێك دیناری مانگانە زیادی كردووە”

خەڵك-
سەرەڕای دابەزینی هەناردەی نەوت لە مانگی شوبات-ی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو، بەڵام داهاتی نەوت زیادی كردووە و شارەزایەكی بواری ئابووری و ژمێریاریش دەڵێت: “هەرچەندە نەوت كەمتر فرۆشراوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و زیادبوونی نرخی نەوت داهات بەبڕی زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری زیادی كردووە”.

لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوودا بەهای نەوت بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی، بەڵام حكومەتی عیراق نەیهێشت فەرمانبەران بێ‌ مووچە ببن و بەبێ‌ لێبڕین مووچەی تەواوی ساڵەكەی دابین كرد.

محەمەد مەجید، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە ژمێریاری بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سەبارەت بە داھاتی نەوت لە عێراق ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان مانگی ٢/٢٠٢٠ و مانگی ٢/٢٠٢١ بۆمان دەردەکەوێ، کە داھاتی نەوت لەھەمان مانگ لەو دوو ساڵەدا (٥) ملیار دۆلارە، سەرەڕای ئەو ھەموو دۆخە ناجێگیریەی ئابوری لە جیھان دا دروست بوو بە تایبەت لەم وڵاتە، زیادی کردوە”.

ڕوونیشی كردەوە، سەبارەت بە بڕی نەوتی فرۆشراو لە مانگی ٢/٢٠٢٠ نزیکی (٩٦) ملیون بەرمیل نەوت بووە، بەڵام لە مانگی ٢/٢٠٢١ نزیکی (٨٣) ملیون بەرمیل نەوت بووە واتا (١٣) ملیون بەرمیل نەوت کەمتر فرۆشراوە.

ئاشكراشی كرد، نرخی نەوت لە ٢/٢٠٢٠ (٥١) دۆلار بووە بۆ یەک بەرمیل و بەهۆیەوە 5 ملیار دۆلار داهات بووە و لە ٢/٢٠٢١ (٦٠) دۆلار بووە و داهات بەهەمان شێوە 5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ٢٠٢١ سەرەڕای ئەوەی نەوت کەمتر فرۆشراوە، بەڵام داهات زیادی كردووە.

ئەو شارەزایەی بواری ژمێریاری و ئابووری وتیشی، “لە ھەمان کات عێراق سوودی لە خاڵێکی تر دیوە ئەویش نرخی گۆرینەوەی دۆلار بۆ دینار، کە بۆ مانگی ٢/٢٠٢٠ ئەو (٥) ملیار دۆلارە یەکسان بووە بە نزیکی (٦) تریلیۆن دینار، بەڵام بۆ مانگی ٢/٢٠٢١ (٥) ملیار دۆلاری داھاتی فرۆشتنی نەوت یەکسانە بە زیاتر لە (٧) تریلیۆن دینار”.

دەشڵێت: “ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن بە فرۆشتنی (١٣) ملیون بەرمیل نەوتی کەمتر، بەڵام (١) تریلیۆن دینار زیاتر تەنھا لە یەک مانگدا داهات زیادی كردووە”.