سەردێر

نرخی ئاڵتون بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی

خەڵك-
سەرەڕای دابەزینی بەهاكەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لەسەریەك، ئەمڕۆ نرخی ئاڵتون جارێكی دیكە دابەزی و بەهای یەك ئۆنس گەیشتە 1713 دۆلار و شارەزایەكی كاروباری زێڕیش دەڵێت: “زیاتریش دادەبەزێت”.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕەنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هەرچەندە دوو ڕۆژە پاكێجی 1.9 ترلیۆن دۆلار لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بۆ بووژانەوەی ئابووری و كەمكردنەوەی بێكاری پەسەند كراوە، بەڵام چونکە تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە کاریگەری وای نەبووە و لەوانەیە تا کۆتایی مانگی 3 نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ڕاشیگەیاند، بەو هۆیەوە نرخی زێڕ كەمێك بەرزبووە و بەیانی ئەمڕۆ بەهای یەك ئۆنس زێڕ گەیشتەوە 1732 دۆلار، بەڵام ئێوارە جارێكی دیكە دابەزی و گەیشتە 1713 دۆلار.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهای یەك مسقاڵ ئاڵتونی عەیارە 21 بووە بە 351 هەزار دینار و هەروەها عەیارە 18 بە 301 هەزار دینارە.

وتیشی، “پێدەچێت بەهای زێڕ زیاتر دابەزێت و ئەگەر تا چەند كاتژمێرێكی دیكە بەو جۆرە بمێنێتەوە زیاتر دادەبەزێت بۆ 1684 دۆلار بۆ یەك ئۆنسە”.