سەردێر

بارزانی لەگەڵ سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا كۆدەبێتەوە

خەڵك-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەدایە قەیرانی سوریا بگاتە چارەسەرێكی وەها، كە ئارامی و تەبایی نێوان گەلانی سوریا و هەموو پێكهاتەكانی لێ بكەوێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوار شەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢١ لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە د. نەسر هەریری، سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی سوریا و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی سوریا و ناوچەكە تاوتوێ كرا و سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا سوپاسی بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد، كە هەردەم هاوسۆزی نەهامەتی و گرفت و كێشەكانی خەڵكی سوریا بوونە و پێشوازییان لە سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەری سوریایی كردووە”.

لای خۆشیەوە، بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە لەگەڵ ئەوەدایە قەیرانی سوریا بگاتە چارەسەرێكی وەها، كە ئارامی و تەبایی نێوان گەلانی سوریا و هەموو پێكهاتەكانی لێ بكەوێتەوە.

وتیشی، “ئەو ڕووداوانەی لە عەفرین ڕوویانداوە جێگەی نیگەرانین و بە بایەخەوە سەیری ڕێڕەوی ڕووداوەكان و ئاییندەی گەلی كورد لە سوریا دەكەن” و هیوای ئەوەشی خواست كە لە ئاییندەی سوریادا بەرژەوەندی گەلان و پێكهاتەكانی سوریا لەبەرچاو بگیرێت.