سەردێر

بازاڕی جلی کوردی جمەی دێ

بەرگدرووەکان هێندە قوماشیان وەرگرتووە ناتوانن قوماشی دیکە وەربگرن

سلێمانی – نزار جەزا

ئەم بەهارە بەرگدرووەکانی سلێمانی هێندە قوماشی جلی کوردییان وەرگرتووە، چیتر ناتوانن قوماشی دیکە وەربگرن، بۆئەوەی جلی کوردی لێ بدوورن.

چووینە بازاڕی سلێمانی و بەنێو دووکانەکانی جلی کوردی پیاوانەدا گەڕاین، هەر دووکانێکت دەبینی جمەی دەهات لەکڕیاری جلی کوردی، چەند بەرگدرووێکیشمان دواند، دەیانوت: چیتر قوماش وەرناگرین.

پیاوێک بەناوی ئازاد ئەحمەد کە خەریکی کڕینی قوماشی جلی کوردی بوو پێی وتین: ساڵێکە بەهۆی کۆرۆناوە هەر لەکەرەنتینە و نیگەرانیدا بووین، ئێستاش سوپاس بۆ خوا دۆخەکە بەرەوئاسایی بوونەوە چووە، بۆیە پێمانخۆشە لەئێستاوە پێشوازی لەبەهار بکەین و جلی کوردی بۆ بکڕین و بچینەدەرەوە بۆ گەشت و سەیران.

قوماشی جلی کوردی جۆری زۆرە و نرخیشیان بەپێی کوالیتی قوماشەکەیە، بەجۆرێک قوماشی جلی کوردی پیاوانە نرخی هەر مەترێکی لە هەشت هەزار دینارەوە تاکو ٢٢ هەزار دینار دەڕوات.

دووکاندارێک دەیوت: قوماشەکەت پێدەفرۆشین، بەڵام پەلەی لێ نەکەیت، بەرگدرووت دەستناکەوێت.

ئەوەشی وت: ئەمساڵ چونکە کۆرۆنا کەمبووەتەوە و ئەگەری ڕاگەیاندنی کەرەنتینە نییە و ئەم دوومانگەش لەکاتی خۆیدا موچە دابەشکراوە واتە پارە کەوتووەتە دەستی خەڵک، بۆیە فرۆشمان باشە، بەڵام بەراورد بەساڵانی ٢٠١٣ و پێشتر فرۆشمان کەمترە.

لێدوانەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی موچە لەکاتی خۆیدا و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە لەم دوو مانگەی ساڵی نوێدا جوڵەیەکی باشی خستۆتە بازاڕەوە.

پێشتر لە ڕۆمانیا و بولگاریا و چینەوە قوماش بۆ هەرێمی کوردستان دەهات، بەڵام ئێستا زیاتر لەچین و هیندستان قوماشەکان دێن، چونکە ئەو شوێنانەی پێشتر بۆ ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان نرخیان گرانە، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانییەوە قوماشی ئێرانیش لەبازاڕەکاندا هەیە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر چووینە لای یەکێک لەبازرگانەکانی قوماشی جلی کوردی پیاوانە و گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئەنجامدا، کە بەردەوام قوماشی تازە بەپێی خواستی خەڵک دەهێنێت.

شێخ رەئوف شێخ سەعید، باسی لەئەوەکرد، ئەمساڵ فرۆشی قوماشی جلی کوردی بەراورد بەساڵی ڕابردوو باشترە و چاوەڕێدەکرێت باشتریش بێت، بەڵام بەداخەوە ساڵی ڕابردوو ساڵێکی پڕ نەخۆشی و پڕ ناخۆشی بوو، بەتایبەت بۆ کەسانی کاسب زۆر خراپبوو و فرۆشیان نەبوو.

ناوبراو کە خاوەنی پێشانگای دابانیشە وتی: دووکاندارەکان دێن قوماش دەبەن، بەڵام کە نەفرۆشرێت یان فرۆشیان کەمبێت، دووکانداریش پارە نادات، لەم کاتەشدا ئیشوکار تاڕادەیەک دەوەستێت.

نرخی دوورینی قوماش بۆ جلی کوردی بەپێی شێوازی دوورینەکە دەگۆڕێت، بەجۆرێک نرخەکان لە٢٥ هەزار دینارەوە تاکو ٨٠ هەزار دینار دەڕوات.

لەگەڵ ئەوەی جلی کوردی ئامادەکراو لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن، بەڵام زیاتر خواستی هاوڵاییان لەسەر قوماشە و دەیانەوێت خۆیان بەپێوەری خۆیان بیدوورن، هەربۆیە بەرگدروویەکیشمان دواند، کە ماوەی ٣٤ ساڵە کاری بەرگدووری دەکات.

نەبەز محەمەد وتی: ئەمساڵ کارمان بەراورد بەساڵانی پێشوو باشترە، بەجۆرێک هێندە قوماشم وەرگرتووە کە بیاندوورم، تاکو نەورۆز هەر دەتوانم ئەوەندە بدوورم، بۆیە ماوەیەکە هیچ قوماشێکم وەرنەگرتووە تاکو بیاندوورم.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار بەشێک لەهاوڵاتییان بەکڕینی جلی کوردی خۆیان بۆ یەکەم ڕۆژی نەورۆز ئامادەدەکەن، و ئەمساڵیش دووکانەکانی قوماشی جلی کوردی جمەیان دێت و فرۆشیان زیادی کردووە و بەرگدرووەکانیش هێندە قوماشیان وەرگرتووە، چیتر قوماشی دیکە بۆ دوورین وەرناگرن.