سەردێر

پاپا سەردانەكەی بۆ عێراق دواناخات

خەڵك-

پاپا فرانسیس ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای هێرشەكان، سەردانی عێراق دەكات.

پاپای ڤاتیكان لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی داهاتوو، بە ویستی خودا دەچمە عێراق، ماوەی سێ ڕۆژ دەمێنمەوە، ماوەیەكی زۆریشە ویستم هەیە سەردانی ئەو خەڵكە بكەم كە زۆر ئازاریان چێشتووە.

وتیشی”هێرشە مووشیەكییەكان كارناكاتە سەر هەڵوەشانەوەی گەشتەكەم”.

بەیانی ئەمڕۆ 10 مووشەك ئاڕاستەی بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار كران كە دوو هەزار سەربازی ئەمەریكایی تێیدا جێگیر كراون.

ماوەیەكی زۆرە پاپا بڕیاری داوە سەردانی عێراق بكات، بەڵام ماوە ماوە هێرش و پەلامار روو دەدەن، بەهۆیەوە دەنگۆی دواخستنی سەردانەكەی بڵاودەكرێتەوە، بەڵام پاپا سورە لەسەر سەردانەكەی بۆ عێراق.
ئەمەش لەكاتێكدایە، مانگی ڕابردوو هێرشی مووشەكی كرایەسەر شاری هەولێر و زیاتر لە 10 ئەمریكی بوونە قوربانی، هاوكات لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشی مووشەكی و تەقینەوە لە شاری بەغدا دژی ئەمریكییەكان و هاووڵاتیان ئەنجام دراوە و زیاتر لە 100 كەس بوونەتە قوربانی، بەشێك لە چاودێرانیش پێیانوایە، ئەنجامدانی ئەم هێرشانە بۆ ئەوەیە كە پاپا سەردانەكەی بۆ عێراق هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ پاپا ئاشكرایكرد، سەردانی عێراق دەكات و سەردانەكەی هەڵناوەشێنێتەوە.