سەردێر

عەلوەی سلێمانی دادەخرێت

كێشەی نێوان شۆفێران و خاوەن عەلوەكان، سلێمانی بێ سەوزە و میوە دەكات

سلێمانی – نزار جەزا
بڕیارە لەڕۆژی هەینییەوە عەلوەی سلێمانی دابخرێت، بەهۆی ئەوەی مەترسی لەسەر سەلامەتی گیانی شۆفێرەکانیان هەیە.

کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی لافیتەیەکی گەورەیان بەدەروازەکانی عەلوەی سلێمانییەوە هەڵواسیوە و تێیدا باس لەئەوەکراوە، ئاگاداری سەرجەم کاسبکار و بازرگانەکانی عەلوەی سلێمانی و دەوروبەری دەکەنەوە، کە لەڕۆژی هەینییەوە دەرگاکانی عەلوە دادەخەن، لەبەر نەبوونی ئەمنیەتی بارهەڵگرەکانیان و سەلامەتی گیانی هەموولایەک لەڕێگای مەرزەکان و داواکارن کەس بارنەهێنێت، بۆئەوەی کەس زەرەرمەندنەبێت.

سەروەر عەلی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، مەترسی لەسەر گیانی شۆفێرەکانیان هەیە، بەنمونە لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا هەشت شۆفێریان ڕفاندوون و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون، کە جارێکی دیکە بارنەگوازنەوە، دواتر لەڕیگەی چەند کەسێکەوە توانییان ئازادیان بکەن، بەڵام دەستگیرنەکراون.

ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت شەوی ڕابردووش هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەمان.

وتیشی: بڕیارمانداوە لەڕۆژی هەینییەوە دەرگای عەلوە دابخەین، تاکو چارەسەری ئەم کێشەیەمان بۆ نەکەن دەرگای عەلوە ناکەینەوە.

ئەوەشی باسکرد: تاکو ئێستا تەنها بەقسە بەڵینی چارەسەری کێشەکەیان پێداون و هیچ کردارێک نابینن.

لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەمەرزی باشماخ هێڵێكی كاركردن هەبوو كە تەنها خاوەن ئەو هێڵە دەیتوانی كاری شۆفێری لەمەرزەكەدا بكات، بەڵام دواتر خاوەن عەلوەكانی سلێمانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بەخۆیان كڕی و خۆیان باری خۆیان دەهێنایەوە بۆ سلێمانییان لەڕێگەی شۆفێری ئێرانییەوە بارەکانیان دەهێننەوە، ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزایەتی خاوەن هێڵەكانی مەرزی باشماخ.

لەدوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكان فشارخرایە سەر شۆفێری عەلوەكان، كە مەرزەكە جێبهێڵن، ئەوانیش لەژێر فشاردا لەساڵی ٢٠١٧دا مەرزەكەیان جێهێشتووە و ئێستا بارەكانیان لەمەرزی سەیرانبەند و تەوێڵە و مەرزەكانی دیكەوە بۆ سلێمانی دەگوازنەوە، بەڵام هێشتا خاوەن هێڵەكانی مەرزی باشماخ فشاردەخەنە سەر ئەوان، بۆئەوەی بارەکانیان لەڕێگەی ئەوانەوە بگوازنەوە نەک شۆفێری ئێرانی یان شۆفێری خۆیان.

هەر هێڵێك لەهێڵەكانی مەرزی باشماخ نرخی دەگەیشتە نزیكی ٩٠ هەزار دۆلار، بەڵام بەهۆی دەركردنی شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی و نەگواستنەوەی بارەكانی عەلوە لە مەرزی باشماخەوە، ئێستا نرخی ئەو هێڵانە دابەزیون و وەك پێویست كاری تێدانەماوە، لەبەرئەمە شۆفێرانی مەرزی باشماخ ناڕازین.

شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی دەڵێن: ئێمە باری خۆمان لەئێرانەوە بۆسلێمانی دەهێنێن، ئازادین لەکام مەرزەوە دەیگوازینەوە و بەکێی دەگوازینەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لەشۆفێرانی نێو خۆپیشاندانەكەوە وەریگرتووە، شۆفێرانی مەرزەكانی دیكە جگە لەباشماخ هیچ گرفتێكیان لەگەڵ شۆفێرانی عەلوە نییە، چونكە لەگەیاندا ڕێككەوتوون و بەبێ كێشە كارەكانیان دەكەن.

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شۆفێرانی مەرزی باشماح و کاسبکاران و شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بەجیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواکاری و کێشەی خۆان گەیاندە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی چارەسەری کێشەکەیان بکەن.

شۆفێرانی بارهەڵگرەكانی مەرزی باشماخدەڵێن هێڵی فەرمییان هەیە و لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ مۆڵەتیان هەیە و ساڵانە هێڵەكانیان نوێدەكەنەوە وكۆمەڵێك ڕسوماتیشیان هەیە، بەڵام ژمارەیەك خاوەن عەلوەی سلێمانی بارهەڵگریان كڕیوە و خۆیان بارەكان دەگوازنەوە، لەكاتێكدا هیچ ڕسوماتێكیان نییە و كارەكەیان نایاساییە، ئەمەش گرفتی بۆ ئەو شۆفێرانە دروستكردووە كە خاوەن هێڵن و ناتوانن كاربكەن.

ئەم كێشەیەی نێوان شۆفێرانی بارهەڵگرەكان پێویستی بەچارەسەری خێرا هەیە، چونكە لەئێستادا شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بڕیاریانداوە هیچ بارێك نەهێننە سلێمانی تاكو كێشەكە چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەكرێت، ئەمەش گرفت بۆ هاوڵاتییان دروستدەکات، چونکە ناتوانن وەک پێویست سەوزە و میوە بکڕن.