سەردێر

لەسەر سزادانی شۆفێرێك، هاتوچۆی هەولێر ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هیچ كەسێكیان سزا نەداوە لەسەرئەوەی لەناو تونێلی پیرمام كەوتووەتە پێش ئۆتۆمبێلێكی هاتوچۆوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەهەندێك پەیج و سایت بابەتێك بڵاوكرایەوە گوایە “كەسێك لەناو تونێلی پیرمام تەنها لەبەرئەوەی پێش ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری هاتوچۆی ڕێگاكانی دەرەوە كەوتووە سزادراوە”، بابەتەكە وانیشاندراوە كەئەو كەسە بێتاوانە و داوای لێپێچینەوە دەكات و دەڵێت، “هیچ سەرپێچیەكم نەكردوە”.

ئاشكراشیكرد، ئەو كەسە خاوەنی نیسان سێنترایەكی تایبەتی سورە 8:16 خولەكی بەیانی لەناو تونێلی پیرمام و لەپاش دەرچوونی لەكامێرەی چاودێری خێرایی، بەشێوەیەكی زۆر خێرا ئۆتۆمبێلەكەی لێخوڕیوە، لەوكاتە لەئۆتۆمبێلێكی هاتوچۆ تێپەڕیوە كە ئەفسەرێكی تێدابووە و بینیویەتی كە ئەو كەسە تیژڕەوی دەكات، بۆیە ڕاستەوخۆ بەپێی یاسا سزای داوە لەسەر خێرایی لێخوڕینەكە كە نامەی سەرپێچیەكەش بۆ هاووڵاتیەكە چووە لەسەر ئەو تیژڕەوییە بووە، نەك لەسەر بەپێشكەوتنەوەكە.

ڕوونیشیكردووەتەوە، وێنەی ڤیدیۆی كامیراكانی چاودێری نیشانی دەدەن ئەو ئۆتۆمبێلە خێراییەكەی زۆر زیاتر بووە لەخێرایی دیاریكراوی ناو تونێل كە 70 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا، تەنانەت كەبەتەنیشت ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ تێدەپەڕێت وا هەستدەكەیت كە ئۆتۆمبێلەكەی هاتوچۆ وەستاوە، بۆیە ئێمە وەكو هاتوچۆی هەولێر بابەتی ئەو بوختان دروستكردنە بەئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان ڕەتدەكەینەوە و بەمافی خۆمان دەزانین هەر پەرچەكردارێكی یاساییمان هەبێت بەرامبەر بەو كەسە.